٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دیندار زێباری: لە سێ ساڵی ڕابردوودا ٢٦٥٢ کەس بە تۆمەتی بوونی پێوەندی بە داعشەوە دەستگیر کراون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- (د. دیندار زێباری)، سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، لە لێدوانێکیدا سەبارەت بەو پرسیارانەی بەردەوام ڕووبەڕووی حکوومەتی هەرێم دەکرێنەوە، ڕایگەیاند، لە سێ ساڵی ڕابردوودا ٢٦٥٢ کەس بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە دەستگیر کراون و ١١١٠ کەسیان تۆمەتەکەیان بەسەردا ساغ بووەتەوە.

شێوازی دادگاییکردن و چۆنییەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گومانلێکراوانەی بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە دەستگیر دەکرێن، بابەتی سەرەکی و جێگای تێڕامانی ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراو و لایەنە نێودەوڵەتییەکانە. زۆرینەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڕاپۆرتەکانیاندا سەبارەت بە ڕەوشی مرۆیی لە هەرێمی کوردستان جەختیان خستووەتە سەر چۆنییەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گومانلێکراوانەی بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە دەستگیر دەکرێن، ئەمانە و کۆمەڵێک پرسیاری دیکە ڕۆژانە و بە بەردەوامی ڕووبەڕووی حکوومەتی هەرێم دەکرێنەوە.

(د. دیندار زێباری) سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە لێدوانێکیدا سەبارەت بەو پرسیارانەی بەردەوام ڕووبەڕووی حکوومەتی هەرێم دەکرێنەوە، ڕایگەیاند: ''هەموو ئەو گومانلێکراوانەی بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە دەستگیر دەکرێن، وەک هەموو بەندکراوەکانی دیکە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و لەبەردەم یاسادا یەکسانن، ئەوانیش وەک هەموو دەستگیرکراوەکانی دیکە مافی تەواویان هەیە بۆ گرتنی پارێزەر و دەتوانن بە هەموو شێوەیەک پارێزگاری لە خۆیان بکەن. بۆ نموونە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکوک، ٢٦٥٢ کەس بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە دەستگیر کراون، ١١١٠ کەسیان تۆمەتەکەیان بەسەردا ساغ بووەتەوە و سزای سێ ساڵ زیندانی، تا زیندانیی تاهەتایییان بۆ دەرکراوە و، ٨٧٠ کەسیان بە هۆی بێتاوانی ئازاد کراون، ٦٧٢ کەسیشیان تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان.''

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا زێباری ڕایگەیاند: ''پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی تێوەگلان لە کاری تیرۆریستییەوە دەستگیر کراون، لە دادگاکانی لێکۆڵینەوە و تاوان لە هەرێمی کوردستاندا بەڕێوە دەچێت و دواتر بە پێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە (٣)ی ساڵی ٢006، هەروەها بە پێی یاسای ژمارە (٢١)ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان و یاسای سزادانی عێراقیی ژمارە (١١١)ی ساڵی 1969ی هەموارکراو تاوانبار دەکرێن و ئەوەی تاوانبار بێت، سزا دەدرێت و ئەوانی دیکەیان ئازاد دەکرێن.''

سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان گوتی: ''بە پێى یاسا کارپێکراوەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان، بەتایبەتى سەبارەت بە تاوانى تیرۆر، تایبەتمەندیى شوێنى ڕووداو (الأختصاص المکانى) پێڕەو ناکرێت، لەبەر ئەوەى تیرۆر جیاوازى ناکات لە سنوورى نێوان پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکى دیکە، یان شوێنێک بۆ شوێنێکى دیکە. هەروەها ئەرکى سەرەکیى دەزگاکانى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر گشتگیرە لە مامەڵەکردن لەگەڵ تاوانى تیرۆر و هەموو گومانلێکراوانی تیرۆر بە یەک جۆر مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەبێ جیاوازی.''

(د. دیندار زێباری) ڕایگەیاند: ''ئامار و ژمارەی گومانلێکراوان لە شارێک بۆ شارێکی دیکە جیاوازی هەیە، بە پێی دواین ئامارەکان لە شاری هەولێر ٦٧٥ کەس بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە دەستگیر کراون، کە ٦١٩ کەسیان تاوانەکەیان بەسەردا ساغ بووەتەوە و سزا دراون و ٥٦ کەسیشیان بێتاوان بوون و ئازاد کراون. لە شاری سلێمانی ٣٥ گومانلێکراو دەستگیر کراون، کە ٢٢ کەسیان بێتاوان دەرچوون و ئازاد کراون، ١٣ کەسیشیان هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان. لە شاری دهۆک ١٥٩٤ گومانلێکراو دەستگیر کراون، ٤٥٦ کەسیان سزا دراون، ٦١٦یان ئازاد کراون و ٥٢٢ کەسیان هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان، چونکە گومانیان لەسەرە و بەڵگەی تەواویش بۆ تۆمەتبارکردنیان لەبەردەستدا نییە. لە شاری کەرکووکیش ٣٤٨ کەس بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە دەستگیر کراون،  ٣٥ کەسیان سزا دراون، ١٧٦ کەسیان ئازاد کراون و ئەوانی دیکە، کە ژمارەیان ١٣٧ کەسە، تا ئێستاش لەژێر لێکۆڵینەوەدان.''

لە کۆتاییی قسەکانیدا (زێباری) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەموو گومانلێکراوان لەبەردەم دادگادا یەکسانن و هەمووان وەک یەک، هەمان ئەو مافانەیان هەیە، کە هەموو بەندکراوێک هەیەتی. ئەوەی کە دەگوترێت، ڕێگا نادرێت بە گومانلێکراوانی داعش پارێزەر بۆ خۆیان بگرن، ئەسڵ و ئەساسی نییە، چونکە ئەوانیش وەک هەموو ڕاگیراوان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و مافی گرتنی پارێزەر و بینینی ئەندامانی بنەماڵەکەیان هەیە، بەبێ جیاوازی.
 

هەواڵی پەیوەندیدار