هادی عەلی: فڕاکسیۆنی یەکگرتوو لە کۆبوونەوەی پەرلەمان بەشدار دەبێ

هەولێر-KDP.info- (هادی عەلی) ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەگرتووی ئیسلامیی کوردستان یایگەیاند، دوابڕیاریان ١٤ـی ئەم مانگەیە(سبەینێ پێنجشەممە) بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و گوتی: "چاوەڕوانی کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕانین وەڵاممان بدەنەوە".
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی لە شاری هەولێر و کۆ بوونەوە.
(هادی عەلی) ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و بەشداربووی کۆبوونەوە سێقۆڵییەکەی ئەمڕۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "پرسی ریفراندۆم و کاراکردنەوەی پەرلەمانمان تاوتوو کردووە و گەیشتووینەتە دوابڕیار، کە ١٤ـی ئەم مانگە پەرلەمان کارا بکەینەوە".
هۆکاری ئەم دوابڕیارەشی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، بۆ بوونی پرسی ریفرەندۆم و سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان گەڕاندەوە، لەمەڕ بەشداربوونی هەردوو لایەنی کۆمەڵ و گۆڕانیش ناوبراو گوتی: "ئومێدیش دەکەین کۆمەڵ و گۆڕان وەڵاممان بدەنەوە و بە هەموومانەوە پەرلەمان کارا بکەینەوە، ئێستاش هەوڵەکان نزیک بوونەتەوە بۆ ئەوەی هەموومان پەرلەمان کارا بکەینەوە".
ئەو هەروەها جەختی کردەوە لەوەی، کە یەکگرتووی ئیسلامی وەک هەمیشە لەگەڵ یەکڕیزی و کاراکردنەوەی پەرلەماندا بووە و گوتی، "فڕکسیۆنی یەکگرتوو، لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا بەشدار دەبێ."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند، پاش تەواوبوونی کۆبوونەوە سێقۆڵییەکە، شاندی پارتی و یەکێتی، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا سەردانی سلێمانی دەکەن.




