جەماوەری ڕواندز و چۆمان بەگەرمی بۆ سەربەخۆیی لەسەر هێڵن

ڕواندز-KDP.info- سبەی ئێوارە لە هەردوو شارۆچكەی ڕواندز و چۆمان كەرنەڤاڵی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان بەڕێوە دەچێت.
بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ڕێكەوتی 13/9/2017، كاتژمێر 4ی ئێوارە، بە سەرپەرشتیی یەكەی ئیدارەی قەزای چۆمان و دەزگا حكوومییەکان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵە مەدەنی و ڕۆشنبیرییەكان و، بە هاوكاریی لقی 26ی گوڵانی پارتی دیموكراتی كوردستان كەرنەڤاڵێك بۆ پاڵپشتی لە پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان و دەنگی (بەڵێ) ڕێك دەخرێت.
لەم ئاهەنگە جەماوەرییەدا كۆمەڵێك هونەرمەند بە ستران و گۆرانی و هەڵپەركێ كەرنەڤاڵەكە ڕازاوەتر دەكەن و ئاهەنگەكە چەند برگە و بابەت و بەرنامەی تایبەت لەخۆ دەگرێت.
(حەسەن حەدۆ)، بەرپرسی لقی 26ی گوڵان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''بانگەشەی ڕیفراندۆم لە چۆمان بەردەوامە و بە كۆڕ و سیمینار و ئاهەنگ خەڵكی خۆمان ئاگادار دەكەینەوە، لە داهاتووشدا چەندین چالاكیی دیكەمان دەبێت، ئەو ئاهەنگەی ئەمڕۆش هەر بۆ ئەو مەبەستەیە. خەڵكی باڵەكایەتی بە هەموو چین و توێژەكانەوە پشتگیری لەو پرۆسەیە دەكەن و بە ئۆمێدەوە چاوەڕوانی 25/9 دەكەن.''
(بەختیار سەباح)، سەرپەرشتیاری كەرنەڤاڵەكە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''سبەی چوارشەممە 13/9/2017، كاتژمێر 5ی ئێوارە لە ناو بازاڕی ڕواندز، بۆ پشتگیری لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی كوردستان، لە لایەن ژمارەیەك گەنجی خۆبەخش و چالاكوانی مەدەنی و كوڕە شەهیدەوە، بە ئامادەبوونی تەواوی چین و توێژەكانی ڕواندز، كەڕنەڤاڵێكی جەماوەری بەڕێوە دەچێت. لیرەوەش داوا لە تەواوی لایەنە سیاسییەكانی ڕواندز و پێكهاتە جیاوازەكان دەكەین، بەشدارییەكی فراوان لەو پرسە نیشتمانییەدا بكەن.''
ڕابین شێروانی




