عەلی عەونی: شۆڕشی ئەیلوول باوەڕی بۆ تاكی كورد دروست كرد

سۆران-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٠ی پارتی لە سۆران دەڵێت، شۆڕشی ئەیلوول، شۆرشی هیوا و ئاوات و باوەڕبەخۆبوون بوو بۆ تاكی كورد، بۆ یەكەمجار لە مێژووی گەلی كورددا شۆڕشێكی كوردی بڕیاری دا و ئامانجێكی بۆ خۆی دانا و لە ئەنجامی خەباتی گەلەكەیدا شۆڕش گەیشتە ئامانجەكەی، ئەوەش یەكەم جارە شۆڕشێكی كوردی ئامانجێك بۆ خۆی دابنێت و بگاتە ئامانجەكەی.
(عەلی عەونی)، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی لقی ١٠ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سۆران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''شۆڕشی ئەیلوول، شۆرشی هیوا و ئاوات و باوەڕبەخۆبوون بوو بۆ تاكی كورد، شۆڕشی ئەیلوول ڕاپەڕینی گەلی كوردستان بوو، كە تێیدا (بارزانی نەمر) توانی و ویستی گەلی كورد ببێتە بەشێك لەو بڕیارانەی دەردەكرێن، کە شۆڕش، شۆڕشی ئەوان بێت و ئەوان لە مەیداندا بن، لەوەشدا (بارزانی نەمر) سەركەوت، ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە هەنگاوی بۆ دەنێین قۆناغی دووەمە، (سەرۆك بارزانی) لەو قۆناغەدا لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستان ڕادەوەستێت، ئەوە ئەو قۆناغەیە كە دەبێ میللەت بەخۆی بێتە مەیدان و بەخۆی بڕیاری خۆی بدات، عەمەلی سیاسیی گەیشتووەتە ئەوەی كە دەبێ گەلی كوردستان بڕیاری خۆی بدات. (سەرۆك بارزانی)، وەكو ڕێبەڕێكی بەرپرسیار، وەزیفەی خۆی گەیاندووەتە قۆناغێك، كە ئێدی بڕیار لە دەستی ئەویشدا نەماوە و كەوتووەتە دەستی گەلەكەی، دڵنیام گەلی ئێمە ژێر دەستیی ناوێت و سەربەخۆیی دەوێت، بە هیممەتی گەلەکەمان ئاهەنگی ڕیفراندۆم، شاهی و دیلانی سەربەخۆیی دەبێت.''
(عەونی) ئاماژەی بەوەش كرد: ''پێش شۆڕشی ئەیلوول، هیچ شۆڕشێكی كوردستان، تەنانەت شۆڕشی (شێخ عوبەیدوللای نەهری) و شۆڕشی (شێخ عەبدولسەلام) و (شێخ مەحموود) و هەتا كۆماری كوردستان، هیچیان بەتەنیا نەگەیشتە ئامانجەكانی خۆی، بۆ یەكەمجار لە مێژووی گەلی كورددا شۆڕشێكی كوردی، بڕیاری دا و ئامانجێكی بۆ خۆی دانا و لە ئەنجامی خەباتی گەلەكەیدا شۆڕش گەیشتە ئامانجەكەی. شۆڕشی ئەیلوول دروشمی ئۆتۆنۆمیی بۆخۆی دانا و بەعسییەكان ناچار بوون بێنە گەڵاڵە لە ناو پردانێ ڕێككەوتنامەی ١١ ئازار ئیمزا بكەن. هەمووی ئەو زەوییەی لەبەر دەستی (بارزانی)دا بوو، واتە جێگەی دەسەڵاتداریی (بارزانی نەمر) چەند مەترێك بوو، نەدەگەیشتە چەند كیلۆمەترێك، بەڵام توانی كارێك بكات، كە هەموو جیهان ڕوو لەو شۆڕشە بكات و، دەوڵەتێكی مەغرووری وەكو بەعسییەكان بێنە كوردستان و لەگەڵ (بارزانی نەمر) ڕێككەوتن بكەن، ئەوە یەكەم جارە شۆڕشێكی ئێمە ئامانجێك بۆ خۆی دابنێت و بگاتە ئامانجەكەی. هۆشیاریی نەتەوەیی لە هەرسێ پارچەكەی دیكە بەرهەمی شۆڕشی ئەیلوولە، كە هۆشیاریی نەتەوەیی بڵاو کردەوە و باوەڕی بۆ تاكی كورد دروست کرد و، گوتی، ئێمە نەتەوەیەكین دەبێ بە ئازادی بژین.''
ڕابین شێروانی




