بوخاری عەبدوڵڵا: ئەوەی لە مەندەلی ڕووی دا سیاسەتی بەغدایە بەرانبەر بە کوردستان

هەولێر-KDP.info- چاودێرێکی سیاسی پێی وایە، ئەوەی لە مەندەلی ڕووی دا، سیاسەتی بەغدایە بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان و دەڵێت، تەعریب لە ناحیەی مەندەلی گەیشتبووە لووتکە و بەو ھۆیەوە زۆرینەی دانیشتوانی مەندەلی عەرەبی شۆڤێنین.
(بوخاری عەبدوڵڵا)، چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەوەی ئەمڕۆ لە ناحیەی مەندەلی ڕووی دا، ڕووی ڕاستەقینەی بەغدایە بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان، چونکە چەندین ساڵە ناوچەی مەندەلی بە ھۆی سیاسەتی شۆڤێنیی ڕژێمەکانی عێراقەوە تەعریب دەکرێت. ئێستا مەندەلی پڕ بووە لە عەرەبی تەعریب، ئاشکرایە لە ناوچەی مەندەلی تەعریب گەیشتبووە لووتکە و بە ھۆیەوە ئێستا زۆرینە دانیشتوانی مەندەلی عەرەبن و کورد کەمترین ڕێژەی دانیشتوانییەتی، لەبەر ئەوەش چاوەڕێ دەکرێت، ئەوانەی بە ھۆی تەعریبەوە ھاتوونەتە ناوچەکە ڕووداوی ھاوشێوەی ئەمڕۆیان لێ بەدی بکرێت و کێشە و کۆسپ بخەنە ھەمبەر پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییی کوردستان.
ئەمڕۆ ژمارەیەک چەکدار لە شارەدێی مەندەلی سەر بە قەزای خانەقین ھەلیانکۆتایە سەر نووسینگەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق و ئاڵای کوردستانیان لەسەر نووسینگەکە داگرت، ئەوەش حزبە کوردستانییەکانی ھێنایە دەنگ و لایەنە کوردستانییەکانی ناوچەکە ھەڕەشەی ھەر ڕووداوێکی ھاوشێوە دەکەن، ئەگەر بەرانبەر پیرۆزییەکانی کورد بکرێت.
(بوخاری عەبدوڵڵا) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''بە درێژایی ئەو سنوورانەی کوردستانین، عەرەبی تەعریب تێیاندا نیشتەجێن، بە ھاوکاری و پاڵپشتیی شۆڤێنییەکانی دیکەی ناوچەکانی عێراق دژی ڕیفڕاندۆم دەوەستنەوە، پێم وایە بەغداش ھەر ئەوەیان لێ دەخوازیت، ئەوەش سیاسەتییەتی. ھەتا پێشبینی دەکرێت، بەر لە ٢٥ی ئەیلوول، عێراق ھەندێ ئۆپەڕاسیۆن دژی داعش بەڕێوە ببات، بەڵام مەبەست لێی پەکخستنی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستان بێت.''
قائید میرۆ




