عەبدولسەلام بەرواری: کەس ناتوانێت شەقامی سلێمانی لە پرسە نیشتمانییەکاندا بە لاڕێدا ببات

هەولێر-KDP.info- شرۆڤەکارێکی سیاسی پێی وایە، ئەوەی دوێنێ لە سلێمانی ڕووی دا، ڕووداوێکی چاوەڕوانکراوبوو لە بەرامبەر بەرەی دژی ڕیفڕاندۆمدا و دەشڵێت، کەس ناتوانێت شەقامی سلێمانی بە مەستی دژایەتیکردنی پرسە نیشتمانییەکان بە لاڕێدا ببات.
(عەبدولسەلام بەرواری)، شرۆڤەکاری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەوەی دوێنێ لە سلێمانی ڕووی دا، شتێکی چاوەڕوان کرابوو، چونکە مرۆڤ تێناگات، چۆن خەڵکێک بە نەخێر دەنگ بۆ ئەوە بدات، لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا بژی، کە نانی خەڵکی ببڕیت و ھەڕەشە لە میللەتەکەی بکات. بە درێژایی ٩٠ ساڵی ڕابردوو دەوڵەتی عێراق ھەوڵی سڕینەوەی کوردی داوە، ئەمڕۆ لە سلێمانی بە ھۆی ڕەوشێکی سیاسییەوە ھەندێک لایەنی سیاسی دەیانەوێت شەقامی سلێمانی بە لایەکدا بشکێتەوە، بەڵام لەبارەی پرسی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتەوە خەڵکی سلێمانی وەڵامی ئەوکەسانەیان دایەوە، کە دەیانەوێت یاری بە ھەستی خەڵکی بکەن.''
ئەو شرۆڤەکارە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ھەڵوێست بەرامبەر ئازادی و سەرەبەخۆیی لە ھیچ میللەتێک چاوەڕوان ناکرێت، ئەوەی دوێنێش ڕووی دا، ئەگەر مرۆڤ تەماشای زمانی جەستەی ڕێکخەرانی ئاھەنگەکە بکات، نیشانەی بێئومێدییان پێوە دیار بوو، پێم وایە ئەوەش دەبێتە ھۆشیارییەک بۆ ئەوکەسانەی کە ناتوانن ھەڵوێستی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی بگۆڕن.''
(عەبدولسەلام بەرواری) گوتی: ''دوێنێ سلێمانی ئەو پەیامەی پێشان دا، کە ئیدی ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت شەقامی سلێمانی بۆ خۆی بەکار بێنێت. بینیمان ئاڵای کوردستان لە یاریگای سلێمانی ھەڵکراوە، خۆ ئەو ژمارە کەمەی خەڵکی بەشداربوو ئەگەر تێبگەن ئاڵای کوردستان نیشانە و دەربڕینی چییە، خۆیان بەرزی ناکەنەوە، لەبەر ئەوەی ئاڵای کوردستان نیشانەی سەربەخۆیی و ڕاگەیاندنی دەوڵەتە نەک ڕەتکردنەوەی.''
قائید میرۆ




