بازیانی: پاشگەزبوونەوە لە ڕیفڕاندۆم نییە

سلێمانی-KDP.info- شرۆڤەكاری سیاسی، (محەممەد بازیانی) ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، پێویستە ھەرێمی كوردستان لە دانوستانەكانی لەگەڵ بەغدا بەردەوام بێت و دەشڵێت، ئیدی پاشگەزبوونەوە لە پرسی ڕیفڕاندۆمدا نییە، بەڵام دەبێ کوردستان ئەو باوەڕە لای بەغدا دروست بكات، كە ماددەیەكی دەستووری جێبەجێ دەكات، نەك شتی زیاتر.
دكتۆر (محەمەد بازیانی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''دانوستانەكانی ھەرێمی كوردستان و بەغدا بەردەوام دەبن تا ئەو كاتەی لەبارەی پرسی ڕیفڕاندۆمەوە دەگەنە ڕێككەوتن، چونكە ئێمە وەك ھەرێمی كوردستان بڕیاری خۆمان لەبارەی پرسی ڕیفڕاندۆمەوە داوە و پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە، لەبەر ئەوەیش پێم وایە، دەبێت ھەرێمی كوردستان تا بكرێت دانوستان لەگەڵ بەغدا بكات، بۆ ئەوەی ئەو باوەڕە لای بەغدا دروست ببێت، كە خەڵكی ھەرێمی كوردستان چییان دەوێت، نابێت بۆ چركەیەكیش سازش و نەرمینواندن ھەبێت لە بەرانبەر بەغدادا، چونكە ئێمە ھیچ لە ئەوان كەمتر نین، بەڵكو دەمانەوێت بە ئاشتی و لە ڕێگەی دەنگی گەلەوە لە دەوڵەتی عێراق جیا ببینەوە.''
ئەو شرۆڤەكارە ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد: ''عێراقی نوێ بە ھەوڵی ھەرێمی كوردستان دروست كرایەوە و دوای چەندین ساڵ عێراق پابەندی ئەو شەراكەتە نەبوو، كە لە سەرەتاوە عێراقی نوێی لەسەر بنیاد نراوە، چونكە ئێمە شتی زیاد لە عێراق داوا ناكەین، بەڵكو پێویستە شاندی ھەرێمی كوردستان بە ڕاشكاوی ئەوە بە سەركردەكانی عێراق بڵێت، ئێمە دەمانەوێ تەنھا بڕگەیەكی دەستوور جێبەجێ بكەین، ئەویش ماددەی ١٤٠ـی دەستوورە، كە ئێوە چەندین ساڵە ئامادە نین جێبەجێی بكەن.''
(بازیانی) دەڵێت: ''پێشتر پڕۆتۆكۆڵی نووسراومان لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا ھەبوو، بەڵام (نووری مالیكی)، كە بە دەنگی كورد نەبووایە ھەرگیز نەدەبووە سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئامادە نەبوو ڕێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا جێبەجێ بكات، مادام بەغدا پابەندی ھیچ ڕێككەوتنێك نییە، ئێمەش ناتوانین بەو شێوەیە لەگەڵ عێراقدا بەردەوام بین. زۆر جاریش باس لەوە دەكەن ئێستا كاتی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی كوردستان نییە، بەڵام ئێمە پێشتر كە ئەزموونمان ھەبووە، ئامادە نین لە بڕیاری خۆمان پاشگەز ببینەوە.''
قائید میرۆ




