دیندار زێباری: سكاڵای توندوتیژی و ئەشكەنجەدان دژی هیچ كارمەندێك لە گرتووخانەكان نەجووڵێندراوە

هەولێر-KDP.info- لە ماوەی رابردوودا، ژمارەیەكی زۆری رێكخراو و لایەنە نێودەوڵەتییەكان لە راپۆرتەكانیاندا سەبارەت بە رەوشی مرۆیی لە هەرێمی كوردستان جەختیان خستووەتە سەر رەوشی گرتووخانەكان لە هەرێم و، چۆنیەتیی مامەڵەكردنی هێزە ئەمنییەكان لەگەڵ بەندكراوان بە تایبەتی لە چاكسازییەكان. زۆرینەی ئەم رێكخراوانەیش تۆمەتی ئەوە دەدەنە پاڵ حكوومەتی هەرێم كە گوایا راگیراوان لە گرتووخانەكان لە رەوشێكی ناتەندروستدا دەژین و زۆرینەیان لە كاتی وەرگرتنی دانپێدانان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ئەشكەنجە دەدرێن و زۆر بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.
لەو بارەیەوە، (د. دیندار زێباری)، سەرۆكی كۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان روونكردنەوەی زیاتر دەدات و دەڵێت، "لە گرتووخانەكانی هەرێمدا بەپێی یاسا ئەشكەنجەدانی تۆمەتبار و سزادراوان بۆ وەرگرتنی ددانپێدانان و زانیاری بە تاوان هەژمار دەكرێت و قەدەغەكراوە، هەروەها بە هیچ شێوەیەك رێگا نادرێت كە ئەفسەر و كارمەندانی پۆلیس راگیراوان ئەشكەنجە بدەن، بەڵام هەندێك جار گومانلێكراو یاخود تاوانبار كاتێك رادەگیرێت لە ناو بەندیخانە هان دەدرێت بۆ ئەوەی وا نیشان بدات كە دەزگاكانی پۆلیس كە ئەشكەنجەیان داوە. هەر كەسێكیش كە دەستگیر دەكرێت نەوجەوان بێت یان تەمەنی تەواو بێت بە بڕیاری دادوەر بەپێی ماددەی یاسایی تایبەت بە تاوانی خۆی رادەگیرێت و بە هیچ شێوەیەك ئەشكەنجە نادرێت و مامەڵەی نامرۆڤانەی لەگەڵدا ناكرێت، ئەویش وەك گشت زیندانییەكانی دیكە مافی خۆی دەبێت".
لە درێژەی قسەكانیدا سەبارەت بەم پرسە، (زێباری) گوتی، "بەپێی ماددەی (333) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ی ساڵی 1969ی هەمواركراو، هەر تۆمەتبارێك لە كاتی لێكۆڵینەوە ئەشكەنجە درابێت لە رووی یاساییەوە پاڵپشت بە ماددەی (19/ سێیەم)ی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ مافی هەیە سكاڵا دژی ئەو كەسە تۆمار بكات كە ئەشكەنجەی داوە، هەروەها هەر بەندكراوێك هەر داواكارییەكی هەبێت، دەتوانێتلە رێگای ئیدارەی بەندیخانە،داواكاری گشتی، كەسوكاری كاتێك سەردانی دەكەن یاخود لە رێگای رێكخراوەكانی تایبەت بە مافی زیندانیان وەك رێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی بەرزی بكاتەوە".
سەرۆكی كۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان راشیگەیاند كە، تاكو ئێستا بە هیچ شێوەیەك سكاڵای توندوتیژی یان ئەشكەنجەدان لە دژی هیچ كارمەندێك لە گرتووخانەكان نەجووڵێندراوە، ئەگەر لە داهاتوویشدا هەر سەرپێچییەك یا جۆرێك لە جۆرەكانی توندوتیژی یا ئەشكەنجەدان هەبێت ئەوا تۆمار دەكرێن و بەپێی یاسا كارپێكراوەكان مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و رەوانەی دادگای تایبەت دەكرێت.
لە كۆتاییدا سەبارەت بە رەوشی تەندروستی لە گرتووخانە چاكسازییەكاندا، (د. دیندار زێباری) رایگەیاند، لە هەر گرتووخانەیەكی چاكسازی بنكەی تەندروستی، تیمی پزیشكی (24) سەعات، تاقیگە و دەرمانیش هەیە و بۆ هەر بەندكراوێك فۆڕمی تایبەت دروست كراوە. هەر بەندكراوێك لە سەرەتای هاتنی بۆ گرتووخانەكانی گرتن و گواستنەوە،پشكنینی نەخۆشییە گوازراوەكان وەك (هەوكردنی جگەر و ئایدز و سیل) و نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەك (شەكرە و فشاری خوێن) و نەخوشییەكانی دیكە، پشكنینی تایبەتی دەكرێت و فایلی تەندروستیی تایبەت بە خۆی دەبێت.




