٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بۆ پشتیوانیكردن لە ڕیفراندۆمە.. یەكێتیی مامۆستایان كۆبوونەوەیەك دەباتە كەركووك

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، وەك پاڵپشتییەك بۆ ئیدارەی كەركووك، كۆبوونەوەی سبەی لە شاری كەركووك بەڕێوە دەبات و، جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانیش دەڵێ، زۆرینەی یەكێتیی مامۆستایان لەگەڵ ریفڕاندۆم و سەربەخۆییی ھەرێمی كوردستاندان.


(عەتا ئەحمەد)، جێگری سەرۆكی سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "سبەی دووشەممە یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان كۆبوونەوەی مەكتەبی تەنفیزی بەڕێوە دەبات و بڕیاریشە كۆبوونەوەكە لە شاری كەركووك ئەنجام بدرێت، ئەویش وەك پشتیوانی بۆ بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لەبارەی ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە سنووری پارێزگای كەركووك، ئێمەیش لەبەر ئەو ھەڵوێستەی ئیدارە و ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بڕیاری ئەوەمان داوە كۆبوونەوەكە لە شاری كەركووك بەڕێوە ببەین".
لەبارەی ھەڵوێستی یەكێتیی مامۆستایانیش بۆ پرسی ڕیفراندۆم، جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان كە پشكی یەكگرتووی ئیسلامییە، گوتی، "یەكێتیی مامۆستایانی لە بۆچوونی سیاسیی جیاواز پێك ھاتووە و ھێشتا بە شێوەیەكی گشتی بڕیاری فەرمی دەرنەكراوە، بەڵام زۆرینەمان لەگەڵ ئەنجامدانی ریفڕاندۆم و سەربەخۆییی ھەرێمی كوردستانین، ئەگەر لە منیش دەپرسی وەك تاك، من لەگەڵ ریفڕاندۆم و سەربەخۆییدام".
(ئەحمەد) ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، "لە كۆبوونەوەی سبەینێی یەكێتیی مامۆستایاندا، دانوستان لەبارەی كەرتی پەروەردە و رەوشی مامۆستایان بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەكرێت و، چەندین تەوەری دیكەیشی لە خۆ گرتووە".

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار