بەشارەتی: بانگەشەی ریفراندۆم ، رۆژ بە رۆژ فراوانتر دەبێت

ھەڵەبجە-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٢ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ھەڵەبجە ڕایگەیاند، بانگەشەكردن بۆ پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستان لە ھەڵەبجەیش دەستی پێ كردووە و، لەم حەفتەیەدا دوو چالاكی ئەنجام دەدەن و بەردەوامیش دەبن تا كاتی پرۆسەكە.
(فازڵ بەشارەتی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجەیش بانگەشەكردن بۆ ڕیفراندۆم دەستی پێ كردووە و سبەی چالاكییەكمان ھەیە و، ھەر لەم حەفتەیەیشدا چالاكییەكی دیكەیش لە سنوورەكانی ھەڵەبجە، شارەزوور و سەیدسادق ئەنجام دەدەین بە مەبەستی پشتگیریكردن و ھۆشیاركردنەوەی خەڵك لەبارەی پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییی كوردستان".
(بەشارەتی) گوتیشی، "چالاكییەكان بریتین لە ئەنجامدانی كۆڕ و كۆبوونەوە بۆ خەڵكی ناوچەكە و تێیدا باس لە گرینگیی پرۆسەی ریفراندۆم دەكرێت و، ھەموو لایەنەكانیش بۆ ئەو چالاكیانە بانگھێشت كراون".
وەك بەرپرسی لقی ١٢ـی پارتی ڕوونی كردەوە، "ھەوڵ دەدەین حەفتانە چەندین چالاكی بۆ پشتگیریكردن لە پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئەنجام بدەین و، بەردەوامیش دەبین تاوەكو پرۆسەكە كۆتایی پێ دێت، چونكە ئەمە ئەركی ئێمەیە كە بانگەشە بۆ ئەو پرۆسەیە بكەین و پرسێكی نەتەوەییە و ئەركی ھەموو تاكێكی كوردە ھەوڵی بۆ بدات و ئێمەش لەو چوارچێوەیەدا لە بانگەشەكردن بەردەوام دەبین".
بانگەشەكردن بۆ پرۆسەی ریفراندۆم لە ھەرێمی كوردستان، ناوچە كوردستانییەكان و دەرەوەی وڵات لەلایەن چینوتوێژكانەوە دەستی پێ كردووە و، رۆژ بە رۆژیش فراوانتر دەبێت.
بڵند ئیبراھیم




