كەركووكی: ھەموو ئامادەكارییەك كراوە.. كەركووكییەكان چاوەڕێی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم دەكەن
__2017_09_10_h11m32s1__RM.jpg)
كەركووك-KDP.info- جێگری بەرپرسی ئۆفیسی كەركووكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان دەڵێ، ھەموو ئامادەكارییەكیان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم كردووە و، كەركووكییەكانیش بە پەرۆشەوە چاوەڕێی بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە دەكەن.
(دڵسۆز كەركووكی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ماوەی حەفتەیەكە نووسینگەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە كەركووك دامەزراوە و، تاوەكو ئێستایش ٤٣ بنكەی كردوونەتەوە لەگەڵ 2 ھەزار وێستگە و 7 وێستگەیش بۆ ئاوارەكان و ٢٥٨كارمەندیش دامەزراون، ئەمە جگە لە راھێنانی 5 هەزار كارمەند بۆ سەرپەرشتیكردنی وێستگەكان".
(كەركووكی) گوتیشی، "تا ئێستا دیار نییە كە وێستگە بۆ ئەو ناوچانەش دەكرێنەوە كە عەرەب و توركمانیان تێدا نیشتەجێن، چونكە ئەوان بڕیاری بایكۆتكردنیان داوە، بەڵام لە ھەموو ناوچەكانی كەركووك كە كوردیان لێیە، دەكرێنەوە".
جێگری بەرپرسی ئۆفیسی كەركووكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی دەشڵێت، "ئێمە ھەموو ئامادەكارییەكمان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم كردووە و، كەركووكییەكانیش بە پەرۆشەوە چاوەڕێی بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە دەكەن".
بڵند ئیبراھیم




