"لە رۆژانی دابێ لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک کۆ دەبنەوە"

کەرکووک-KDP.info- لە کەرکووک دەست بە بانگەشەی ڕیفڕاندۆم کراوە و بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت، زۆرینەی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان لەگەڵ ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستاندان.
دکتۆر (محەمەد خورشید)، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی لە کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیارە لە چەند ڕۆژی دابێدا کۆبوونەوەیەکی لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک بەڕێوە بچێت و تێیدا دانوستان لەبارەی پرسی ڕیفڕاندۆمەوە دەکرێت و، چەندی پێویست بێت ئێمە سەردانی ھەموو پێکھاتەکانی شارەکە دەکەین، پێشتریش سەردانمان ھەبووە بۆ لای حزب و لایەنەکانی دیکەی نێو کەرکووک.''
(جوان حەسەن)، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکیش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیارە شاندێکی لایەنە کوردستانییەکان بۆ سەردانی پێکھاتەکانی کەرکووک دروست بکرێت، تا بەر لە ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم سەردانی پێکھاتەکانی شارەکە بکات و، بڕیارە لەم ھەفتەیەدا چالاکییەکان دەستیان پێ بکرێت و ئامانجی ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم بۆ گشت لایەک ڕوون بکرێتەوە، چونکە نایشارمەوە ھاتنی ژمارەیەکی زۆر ھێز بۆ ئازادکردنی قەزای حەویجە، خەڵکی کەرکووکی دڵگران کردووە، پێویستە سەرکردایەتیی ھەرێمی کوردستان لەبارەی دواڕۆژی چارەنووسی کەرکووکدا بە قورسایییەکی زیاترەوە بێنە سەرخەت.''
دەربارەی بانگەشەی ڕیفڕاندۆم لە کەرکووک دکتۆر (محەمەد خورشید) دەڵێت: ''بانگەشە لە کەرکووک دەستی پێ کردووە و ئێمە لای خۆمانەوە، وەک پارتی، زۆر بەگەرمی چووینەتە نێو پڕۆسەی بانگەشەکەوە، بەڵام ڕەنگە ئەو گەرمییە لە لایەنەکانی دیکە نەبیندرێت، بێگومان ڕۆژانی داھاتوو بانگەشەی ڕیفڕاندۆم لە سنووری پارێزگای کەرکووک گەرم و گۆڕتر دەبێت.''
دەربارەی بایکۆتکردنی ڕیفڕاندۆم لە لایەن ژمارەیەک حزبی تورکمانەوە، (جوان حەسەن) گوتی: ''ئەو ھەشت حزبەی ئێوە ئاماژەی بۆ دەکەن، بایکۆتی ھەموو داواکارییەکی کورد دەکەن لە کەرکووک، بەشێک لەو حزبانە سەر بە ئێران و تورکیا و شیعەن، ئەمانە نوێنەرایەتیی ھەموو گەلی تورکمان ناکەن و ئەو ڕاستییە لای ئێمە ڕوونە، ئەگەر کورد پۆستی پارێزگاری کەرکووکیش ڕادەستی ئەوانە بکات، ھەر ڕازی نابن و بیانوویەک دەھێننەوە، لەبەر ئەوە، پێکھاتەکانی کەرکووک، زۆریان، لەگەل ڕیفڕاندۆمن و دەنگی بۆ دەدەن، ئەگەر ئامادەکاریی باش بۆ ڕیفڕاندۆم بکرێت، لە کەرکووک دەنگی زۆرتر دەھێنێت.''
قائید میرۆ




