"لە دەوروبەری مووسڵ ئامادەکاری تەواو بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆم کراوە"
_-_Copy__2017_09_09_h19m13s9__HK.jpg)
مووسڵ-KDP.info- بەڕێوەبەری فەرمانگەی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە پارێزگەی نەینەوا ئاماژە بەوە دەکات، ھەموو ئامادەکارییەک بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم لە سنووری دەوروبەری مووسڵ کراوە و دەشڵێ، ٦٠٠ ھەزار دەنگدەر بۆ ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوول لە ڕێگەی ٢٥٠ بنکەی دەنگدانەوە دەتوانن لە پڕۆسەکەدا بەشداری بکەن.
(سەعید جەردو)، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم لە پارێزگای نەینەوا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەستمان بە ئامادەکاری کردووە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستان و زیاتر لە ٢٥٠ بنکەی دەنگدان لە دەوروبەری مووسڵ دەکرێنەوە بۆ ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوول، ھەموو ئامادەکارییەکیش بۆ پڕۆسەکە کراوە، ھەر لە دابینکردنی فەرمانبەرەوە، تا پێداویستییەکانی دەنگدان، نزیکەی ٦٠٠ ھەزار کەسیش لە دەوروبەری مووسڵ مافی دەنگدانیان ھەیە.''
زۆرێک لە دەنگدەرانی سنووری نەینەوا کێشەی دۆزینەوەی ناوەکانیان هەیە، بە ھۆی ئەوەی کۆمسیۆن پێشتر تۆماری دەنگدەرانی نەبووە، بەڵام بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆمسیۆن لە سنووری نەینەوا ئاماژە بەوە دەکات: ''جگە لە ماڵپەڕی کۆمسیۆن، لە ڕۆژانی داھاتوودا چەند بنکەیەک دەستبەکار دەبن، بۆ ئەوەی ھاووڵاتیانی سنووری مووسڵ بتوانن ناوەکانیان پشتڕاست بکەنەوە، باوەڕیش ناکەم ھیچ ھاووڵاتییەک مافی دەنگدانی بفەوتێت.''
بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی باڵای ڕیفڕاندۆم ھەموو ناوچە کوردستانییەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق مافی بەشداریکردنیان لە ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە و دوو فەرمانگەش بۆ ئەو ناوچانە کراونەتەوە.
(سەعید جەردو) گۆتیشی: ''بەشێکی زۆری دەنگدەرانی دەوروبەری مووسڵ نەگەڕاونەتەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان، بەڵام توانیومانە چارەی ئەم کێشەیەش بکەین و سندووقی دەنگدان لە نێو کەمپی ئاوارەکاندا دادەنرێت، بۆ ئەوەی دەنگدەرانەی لە نێو کەمپەکاندا دەنگ بدەن، چونکە فەرمانگەی نەینەوا ئێستا لە شێخان کراوەتەوە، لە دوو ڕۆژی داھاتوودا ھەنگاوی زۆر دەنرێن، بۆ ئەوەی فریای خۆمان بکەوین بۆ کردنەوەی بنکەی دەنگدان.''
قائید میرۆ




