٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عیرفان كەركووكی: ئامانجی تورکمانەکان لە سەربەخۆیی کوردستاندا دێتە دی

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info-  سكرتێری پارتی گەلی تورکمانی دەڵێ، ریفراندۆم لە خزمەتی گەلی تورکماندایە بۆیە ئێمەیش بە پیر ئەو پرۆسەیە دەچین، چونکە ئاوات و ئامانجی تورکمانەکان لە سەربەخۆیی کوردستاندا دێتە دی.

(عیرفان كەركووكی) سكرتێری پارتی گەلی توركمانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە باوەڕێکی یەقینەوە دەڵێ،  ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان پاشەڕۆژێكی گەشتر بۆ گەلی توركمان دەستەبەر دەكات و زیاتر بە مافەكانیان دەگەیەنێ، بۆیە هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە پرۆسەی ریفراندۆم سەر بكەوێت و كەركووك بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، چونكە ئاوات و ئامانجی ئێمە لە سەربەخۆیی كوردستاندا دێتە دی، بۆیە هانی خەڵكی خۆمانیش دەدەین كە بەشدار بن لە ریفراندۆم و دەنگ بە بەڵێ بدەن، چونكە چارەنووسازە بۆ ئێمە وەك پێكهاتەی توركمان، چونكە مافەكانمان زیاتر لە كوردستان زامن دەبن، نەك لە عێراق دا.

(عیرفان کەرکووکی) لەبارەی ئامادەکاریی پارتەکەیانەوە بۆ ریفراندۆم دەڵێ، ئێمە وەك پارتی گەلی توركمانی هەموو ئامادەكارییەكی خۆمان خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی كە بەشدار بین لە ریفراندۆم، هەموو تەشكیلات و تەنزیماتی حزبی وەك پارتی گەلی توركمانی لە كەركووك و ناوچەكانی دیكەی كوردستان، بەتایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ئامادەیە، هەموو ئامادەكاریەكمان كردووە، بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە سەر بكەوێت، بەردەوامیش دەبین تا ٢٥/٩ بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەتی ئەو پرۆسەیە بكەین، چونكە ئەو پرۆسەیە لە خزمەتی ئێمەدایە، بۆیە دەبێت ئێمەش خزمەتی بكەین.

راشکاوانەیش دەڵێ، ئێمە دەمانەوێ کەرکووک بگەڕێتەوە سەرهەرێمی کوردستان، چونکە لە گەڕانەوەی کەرکووک و سەربەخۆیی کوردستان ئێمە وەک گەلی تورکمان مافەکانمان زامن دەبێ، ئێمە رایدەگەیەنین کە کەرکووک کوردستانییە و هەموویشمان لە کوردستانێکی سەربەخۆدا مافەکانمان زامن دەبێ.

ڕابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار