٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شارەزایەكی ئابووری: بە هۆی پەكەكەوە وەك پێویست سوود لە كەرتی گەشتوگوزار وەرنەگیراوە

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info- شارەزایەكی ئابووری دەڵێت، بە ھۆی ھەبوونی چەكدارانی پەكەكە و نزیكیی بنكە و بارەگاكانیان لە ناوچە گەشتیارییەكانی دهۆك، وەك پێویست سوود لە كەرتی گەشتوگوزار وەرنەگیراوە، چونكە شەڕ و پێكدانانی نێوان توركیا و پەكەكە وای كردووە، ھاووڵاتیان نەتوانن سەردانی ئەو ناوچانە بكەن.


(كاوە عەبدولعەزیز)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''زۆربەی ناوچە و شوێنە گەشتیارییەكانی سنووری پارێزگای دھۆك دەكەونە نزیك سنوورەكان و ناوچەی شاخاوین، بەڵام بە ھۆی ھەبوونی چەكدارانی پەكەكە و نزیكیی بنكە و بارەگاكانیان لە ناوچە گەشتیارییەكان، وەك پێویست سوود لە كەرتی گەشتوگوزار وەرنەگیراوە، چونكە بە ھۆی شەڕ و پێكدانانی نێوان توركیا و پەكەكەوە ھاووڵاتیان ناتوانن سەردانی ئەو ناوچانە بكەن.''

ئەو شارەزایە ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد: ''بە درێژاییی سنووری پارێزگای دھۆك چەندین شوێنی ستراتیژیی گەشتیاری ھەن، وەك گەلی باڵندە و چەندین شوێنی دیكە، كە لە دەرەوەی نەخشەی گەشتیاریی ھەرێمی كوردستانن، چونكە حكوومەت ناتوانێت بە ھۆی ڕەوشی ئەمنییەوە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ئەو شوێنانە جێبەجێ بکات، كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكانی گەشتیارییش بە ھەمان شێوە ئامادە نین سەرمایەی خۆیان لە پڕۆژەیەكی گەشتیاریدا خەرج بكەن، كە لە ڕووی ئەمنییەوە مەترسیی ھەبێت.''

(عەبدولعەزیز) گوتیشی: ''ئاوەداننەكردنەوەی ژمارەیەك ناوچەی گەشتیاری بە ھۆی پەكەكەوە، كاریگەریی زۆری كردووەتە سەر ئابووریی ھەرێمی كوردستان بە گشتی و پارێزگای دھۆك بە تایبەتی، چونكە ساڵانە ژمارەیەكی بەرچاو گەشتیار سەردانی سنوورەكە دەكەن و، بە ھۆی مەترسییەوە ئامادە نین بچنە ئەو ناوچانە، ئەمە لە كاتێكدایە لە ڕووی گەشتیارییەوە باشترین ناوچەی گەشتیارین.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار