فازڵ ڕەئووف: لە سلێمانی پێشوازییەکی زۆر لە ڕیفڕاندۆم دەکرێت

سلێمانی-KDP.info- بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، لە سنووری پارێزگای سلێمانی پێشوازییەکی باش لە ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان کراوە و دەشڵێت، بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە ھەموو ھەوڵێک دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی زۆرترین دەنگ بەدەست بێنێت.
(فازڵ ڕەئووف)، بەرپرسی لقی ٢١ی پارتی لە دەوروبەری سلێمانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە، وەک پارتی دەستمان کردووە بە ئەنجامدانی بانگەشەی ڕیفڕاندۆم و سەرجەم بارەگا و ئورگانەکانمان بە ئاڵای کوردستان ڕازاندووەتەوە، بەردەوامیش کۆڕ و کۆبوونەوە و دیدار بەڕێوە دەچێت، تا ڕۆژی ڕیفڕاندۆمیش چالاکییەکانمان بەردەوام دەبن، ھەموو ھەوڵێک دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان سەرکەوێت و زۆرترین دەنگی بەڵێ بەدەست بێنێت.''
(فازڵ ڕەئووف) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''لە سنووری پارێزگای سلێمانی پێشوازییەکی باش لە ڕیفڕاندۆم کراوە و ڕۆژانە ئەوەندەی ئێمە لە نێو چین و توێژەکانداین، بە مەزندەی خۆمان پێشوازیکردنی جەماوەر و چین و توێژەکان بۆ ڕیفڕاندۆم دڵخۆشکەرە. لەبەر ئەوەش پێشبینی دەکەین، ھەم ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لەو سنوورە زۆر بێت و، ھەمیش دەنگی (بەڵێ) زۆرتر بێت لە دەنگی نەخێر و، زیاتر خەڵکی سلێمانی لەگەڵ ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستاندان.''
قائید میرۆ




