٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فوئاد حوسێن: بەغدا دوو ملیار دۆلاری پترۆدۆلاری کەرکووک قەرزارە

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی عێراق، (حەیدەر عەبادی) باسی لەوە کردووە، نەوتی کەرکووک بە شێوەیەکی نافەرمی دەفرۆشرێت و ھیچ سوودێکی بۆ خەڵکی کەرکووک نییە و خزمەتی ئەو شارەی پێ ناکرێت، لە بەرامبەردا ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، ھەرێمی کوردستان مانگانە١٠ ملیۆن دۆلار دەداتە کەرکووک و بەغداش ٢ ملیار دۆلاری پترۆدۆلار قەرزاری کەرکووکە.

(فوئاد حوسێن) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوو کێڵگەی نەوتی کەرکووک لە ژێر دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستاندان و نەوتەکە ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت و لە بەرامبەردا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مانگانە ١٠ ملیۆن دۆلار دەداتە ئیدارەی کەرکووک و ئەوەی دیکە کە کۆمپانیای نەوتی باکوور سەرپەرشتیی دەکات، بەشێکی بۆ پێداویستی ناوخۆیییە و ئەوەی دیکەشی لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی ھەرێمەوە ھەناردەی دەرەوە دەکرێت.''

(فوئاد حوسێن) گوتی: ''حکوومەتی عێراق لە ١/٧/٢٠١٣وە تاوەکو ئێستا پارەی پترۆدۆلاری کەرکووکی نەناردووە، کە دەگاتە زیاتر لە ٢ ملیار دۆلار.''

(حوسێن) ڕوونیشی کردەوە: ''نزیکەی ٩٠ ساڵە نەوت لە کەرکووک دۆزراوەتەوە، حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق جگە لە سەرئێشە ھیچیان بۆ کەرکوک نەکردووە و تەنھا خۆیان سوودیان لێ بینیووە، تەنانەت لە دامەزراندن لە دەزگا نەوتیەکانیشدا خەڵکی کەرکووک بێبەش کراون و حکوومەتی عێراق ھیچی بۆ کەرکووک نەکردووە.''

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار