لە بەریتانیا ژمارەیەك سەنتەر بۆ كاروباری ریفراندۆم كرانەوە
__2017_09_07_h10m10s50__RM.jpg)
لەندەن-KDP.info- ژمارەیەك چالاكی مەدەنی لە بەریتانیا، پێنج سەنتەر و كەمپینێك بۆ پشتیوانیكردن لە پڕۆسەی ریفڕاندۆم رادەگەیێنن و، رێكخەری كەمپینەكەیش دەڵێ، دەنگدەرانی تاراوگەنشین دەتوانن لە رێگەی ئەو سەنتەرانەوە ناوەكانیان بۆ ڕۆژی ریفڕاندۆم پشتڕاست بكەنەوە.
(عیرفان عەزیز) رێكخەری سەنتەرەكانی پاڵپشتیی ریفراندۆم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ئێمە ژمارەیەك چالاكوانی خۆبەشی تاراوگە وەك ئەركێكی نیشتیمانی پێنج سەنتەری پاڵپشتیمان بۆ پڕۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان لە وڵاتی بەریتانیا كردووەتەوە، سەنتەرەكان بە ئاگاداریی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی ھەرێم كراونەتەوە و رۆژانە كوردستانیانی نیشتەجێی بەریتانیا سەردانی سەنتەرەكانمان دەكەن بۆ پشتڕاستبوون لە ناوەكانیان، بەڵام بە داخەوە بە ھۆی دانانی مەرجی فۆڕمی خۆراكەوە، ژمارەیەكی بەرچاوی كوردستانیانی دەرەوە ناتوانن بەشداری لە ریفڕاندۆمدا بكەن و بەو ھۆیەوە سەردانیكردنیش بە گوێرەی ئەو ژمارە زۆرەی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان نییە كە لە ئەورووپا نیشتەجێن".
(عەزیز) گوتیشی، "پێشتر خۆم پێشنیازێكم وەك ئەلتەرناتیڤ ئاڕاستەی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان كردبوو كە ئەو ھاووڵاتیانەی فۆڕمی خۆراكیان نییە، پشتڕاستی ناو و شوێنی لەدایكبوونیان بكرێتەوە، بەڵام بە بیانووی نەبوونی كاتەوە، كۆمسیۆن كاری بەو پێشنیازە نەكرد، ھیوادریشین رێگەی دیكە بگرێتە بەر بۆ ئەوەی مافی ھیچ دەنگدەرێك نەفەوتێت".
وەك رێكخەری سەنتەرەكانی پاڵپشتیی ریفراندۆم گوتی، "جگە لە كردنەوەی ئەو سەنتەرانە، كەمپینی پشتیوانیكردنمان لە ریفڕاندۆم راگەیاندووە و رۆژانە لە شارەكانی بەریتانیا جگە لە بانگەشەكردن بۆ پڕۆسەی ریفڕاندۆم، پرسی ریفڕاندۆم و مافی سەربەخۆیی و دەوڵەتبوون بە ھاووڵاتیانی بەریتانیا رادەگەیێنین، بۆ ئەوەی لە ئێمە تێبگەن كە بۆچی مەبەستمانە ریفڕاندۆم بكەین و لە عێراق جیا ببینەوە".
قائید میرۆ




