نوێنەری کوردانی شەبەک؛ جگە لە ڕیفراندۆم هیچ بریتێکی دیکەمان لەبەردەمدا نییە
_-_Copy__2017_09_06_h17m10s40__HK.jpg)
مووسڵ-KDP.info- نوێنەری کوردانی شەبەک لە پەرلەمانی عێراق داوا لە کوردانی شەبەک دەکات، ئەو دەرفەتەی ھاتووەتە پێشیان لەدەست خۆیانی نەدەن و بەشداری لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا بکەن، بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت لە پێشتگوێخستنیان لە لایەن حکوومەتی عێراق و، داواش دەکات لە لایەن ھێزەکانەوە ئاسانکاری بکرێت بۆ بەشداریکردنی ئەوانەی دەرەوەی ساتر، تا بەشداری لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا بکەن.
نوێنەری کوردانی شەبەک لە پەرلەمانی عێراق، (مەلا سالم شەبەک) لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە کۆپییەکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان نێردراوە، دەڵێت: ''داوا لە کوردانی شەبەک دەکەین، بەشداری لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا بکەن و بە بەڵێ دەنگی خۆیان بدەن، چونکە لەمەودوا ژیان لەگەڵ مووسڵ ئەستەم دەبێت، چونکە دوو ڕێگەمان لەبەردەم ھەیە، یان ئەوەیە ئەبێ پشتگوێخراو بین و لەگەڵ بیری توندڕەوی لە مووسڵ بژین، یان ڕەتکردنەوەی ئەو واقعەی ئێستا ھەیە لە کوشتن و ئاوارەبوون و لەبەرگرتنی ڕێگەی ئاشتی و ژیانێکی ئارام لەگەڵ دەوڵەتی کوردستان، بۆیە ھیوادارین بەرژوەندی و چارەنووسی منداڵەکانتان لەبەر چاو بێت.''
(مەلا سالم شەبەک) گوتی: ''داواکاریمان لە کوردانی شەبەک و حکوومەتی عێراق و ھەرێم و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ھەیە، ئەو ساترەی دانراوە ھەڵبگیرێت و ڕێگە بۆ شەبەک خۆش بکرێت بەشداری لە پرۆسەی ڕیفراندۆم بکەن و ڕێگای کبرلی و ھنکیجە بکرێتەوە و ھاوکات سندووقی دەنگدان بۆ ھەموو گوندەکانی شەبەک لە دەرەوەی ساتر دابنرێت.''
(مەلا سالم شەبەک) دەڵێت: ''داوا دەکەین ھاووڵاتیان لە لایەن پێشمەرگە و پۆلیس و ھێزی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە بپارێزرێن و گرنگی بە گوندەکانی شەبەک لە دەرەوەی ساتر بدرێت، لە ناو قەزای حەمدانیە و تلکێف و دەورەوبەری بەرتللە و نەمرود.''
نوێنەری کوردانی شەبەک لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستووەتە ڕوو: ''داوا لە ھەموو پێگە بەناوبانگەکان دەکەین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ھاووڵاتیان ھان بدەن بۆ بەشداریکردن لە ڕیفراندۆم و ھاوکات پێویستە لەسەر سەرۆکی یەکەی ئیداری و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەکان، ئەوانەی کوردی شەبەکن، ئەرکی خۆیان بەجێ بێنن بۆ پرۆسەی ڕیفراندۆم و خەڵکی ھان بدەن، چونکە شەبەک ھیچ ڕێگەیەکی دیکەیان لەبەردەم نییە و دەرفەتێکی باشیان بۆ ھاتووەتە پێش، بۆ ئەوەی خۆیان لە حکوومەتی عێراق ڕزگار بکەن و بگەڕێنەوە بۆ باوەشی کوردستان.''
بڵند ئیبراھیم




