٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

50 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی سۆرانیان كردووە

سەرچاوە: KDP.info

 

سۆران-KDP.info- ناوچە گەشتیارییەكانی سنووری سۆران 30%ــی ناوچە گەشتیارییەكانی هەموو هەرێمی كوردستان پێك دێنن و، لەو جەژنەیشدا 50 هەزار گەشتیار سەردانی ئەو ناوچانەیان كردووە.

(بارزان محەممەد)، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "هاتنی گەشتیاران بۆ سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەمان كە هەر چوار شارۆچكەی سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و ڕواندز لە خۆ دەگرێت، بەردەوامە و لەو رۆژانەدا 50 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانیان كردووە كە پێشبینی دەكەین تا رۆژی هەینی رێژەكە زۆر زیاتر ببێت، لەو ڕێژەیەیش 10 هەزار گەشتیار زیاتر لە 24 سەعات ماونەتەوە، ئەوانەیش زۆربەیان لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق و وڵاتی ئێرانەوە هاتبوون، لەگەڵ گەشتیارانی ناوخۆییدا".

(محەممەد) گوتیشی، "لە رۆژانی جەژندا هیچ كێشەیەك رووی نەدا و توانیومان بە هاوكاریی دەزگا ئەمنییەكان و فەرمانگەكانی دیكە بە باشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران بكەین، هەروەها بوونی هەماهەنگی لە نێوان ئێمە و كۆمپانیاكان و كارئاسانی لە بازگەكان بۆ گەشتیاران و جوانیی ناوچە گەشتیارییەكان، هەموو ئەوانە ئەمساڵ هۆكار بوونە كە ڕێژەی گەشتیاران بە بەراورد بە جەژنی رابردوو 20% زیاد بكات".

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران دەشڵێت، ناوچە گەشتیارییەكانی سنووری سۆران 30%ـی ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان و 80%ـی ناوچە گەشتیارییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر پێك دێنن، هەر ئەوەیش وای كردووە كە گەشتیارێكی زۆر روو لە ناوچەكە بكەن و بۆ ماوەیەك لێرە بمێننەوە.

 

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار