كۆمیسیۆن هەوڵ دەدات مەرجی فۆڕمی خۆراك بۆ دەنگدان نەهێڵێت
__2017_09_05_h11m3s35__RM.jpg)
هەولێر-KDP.info- دوای ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی دەرەوەی وڵات سەبارەت بە مەرجی بەڵگەنامەی فۆڕمی خۆراك لە دەنگداندا بۆ سەربەخۆیی ههرێمى كوردستانى عێراق، كۆمیسیۆن لە هەوڵدایە بەڵگەنامەی دیكە بكاتە بریتی فۆڕمی خۆراك.
رۆژی 26/8/2017، كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان، چوار مەرجی بۆ دەنگدان لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی ههرێمى كوردستانى عێراق دا خستنە ڕوو، كە یەكێكیان تایبەت بوو بە فۆڕمی خۆراك، ئەوەیش ناڕەزایەتییەكی زۆریی لێ كەوتەوە، بەو پێیەی زۆربەی ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین، فۆڕمی خۆراك و پاسپۆرتی عێراقییان نییە.
(كاروان جەلال)، بەڕێوەبەری گشتی لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی كۆمیسیاران لەگەڵ ئەو كۆمپانیایەدا دادەنیشێ لەسەر ئەو بابەتە، بۆ ئەوەی بیر لەوە بكەینەوە كە بەڵگەنامەی دیكە ببێتە بریتی فۆڕمی خۆراك و داوای بەڵگەنامەی دیكە بكەین، بۆیە هەر بڕیارێك بدرێت كۆمپانیاكە پێوەی پابەند دەبێت".
(جەلال) ڕوونیشی كردەوە، "هەر بڕیارێك بدرێت، كار لەسەر ئەو بڕیارە دەكرێت و دەنگدەرانی دەرەوە بەو شێوەیە دەنگ دەدەن، چونكە دەمانەوێت هەموو ئاسانكارییەك بكەین بۆ ئەوەی كوردستانیانی دەرەوەی وڵاتیش لە ریفراندۆمدا بەشداری بكەن".
ڕابین شێروانی




