سبەینێ بانگەشەی ریفراندۆم دەست پێدەکات

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستاندا گوتی، سبەینێ بانگەشەی ریفراندۆم دەستپێدەکات و تا ٤٨سەعات پێش ئەنجامدانی پرۆسەکە بەردەوام دەبێ.
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان (شێروان زرار) لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیی دا رایگەیاند، سبەینێ بانگەشەی ریفراندۆم دەستپێدەکات و داوا لەسەر سەرجەم رێکخراو قەوارە سیاسییەکان دەکات کە تەنیا ئەمڕۆ ماوە خۆیان تۆمار بکەن، بۆیە ھیوادارین ھەموو لایەک پابەندی ئەو رێنمایانەبن کە کۆمسیۆن دەریکردووە، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەشێوەیەکی باش بەڕێوەبچێ.
بانگەشەی ریفراندۆم بەردەوام دەبێت تا ٤٨سەعات پێش وادەی ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم، چونکە سەرەتا دەنگدانی تایبەت و کوردانی تاراوگە بەڕێوەدەچێ، بۆیە بەگوێرەی یاسا پێویستە پێش ئەنجامدانی پرۆسەکە بانگەشە بوەستێ.
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لەھەرێمی کوردستان ڕونیشی کردەوە، پێشبینی دەکەین زیاتر لە ٥ملیۆن و٥٠٠ھەزار کەس لە ھەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بەشداری لە پرۆسەی ریفراندۆمدا بکەن.
گوتیشی، تا ئێستا نۆ قەوارەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان داوای چاودێری پرۆسەی ریفراندۆمیان کردووە کە ھیچ قەوارەیەکی نێوی تێدا نییە.
بڵند ئیبراھیم




