٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مامۆستایانی زانکۆ؛ سەرۆک بارزانی دڵنیای کردینەوە کە ڕیفراندۆم دوا ناخرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، (مەسعوود بارزانی) لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆ کۆ بووەوە و پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بۆ شی کردنەوە؛ مامۆستایانی زانکۆش دەڵێن، سەرۆک دڵنیای کردینەوە کە ڕیفراندۆم دوا ناخرێت.

لە دیدارێكدا لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆ له‌ سنووری پارێزگای هەولێر، کە ئه‌مڕۆ، چوارشه‌ممه‌ 30/8/2017 بەڕێوە چوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، باسی هاوبه‌شی و هاوسەنگیی لە بنیاتنانەوەی دەوڵەتی نوێی عێراقدا بۆ ئاماده‌بووان خسته‌ ڕوو و رایگەیاند: ''لەم ماوەیەدا لەگەڵ چەندین شاندی وڵاتانی جیهان و وڵاتانی دراوسێ کۆ بوومه‌تەوە، هیچ نوێنەرێکیان دژایەتییان بۆ خواستی کورد لە دیاریكردنی چارەنووس نیشان نەداوە، ته‌نیا كۆی سه‌رنجه‌كانیان له‌سه‌ر كاته‌كه‌یه‌تی و ئەوان باوەڕیان وایە ڕیفراندۆم لەم دۆخه‌ پڕ قه‌یرانه‌ی ناوچه‌كه‌دا، کاریگەری له‌سەر شەڕی داعش ده‌كات، به‌ڵام لە ڕاستیدا وا نییە و ئه‌و كاریگه‌رییەی نابێت.''

سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی (سەرۆک بارزانی) لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆ، پڕۆفیسۆر (خەلیل ئیسماعیل)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەل مامۆستایانی زانکۆ تا ڕاددەیەکی زۆر دڵنیایی بە ئێمە دا، کە ڕیفڕاندۆم لە کاتی خۆیدا دەکرێت و دوا ناخرێت. لەوەش زیاتر، کۆبوونەوەی سەرۆک لەگەڵ چین و توێژەکان، من تێبینی دەکەم کاریگەریی زۆری لەسەر جەماوەری کوردستان کردووە و زیاتر خەڵکی ھان دەدات بۆ پرسی سەربەخۆیی، نەک لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆ پێویستە کۆبوونەوە لەگەڵ ھەموو چینەکانی نێو کۆمەڵگا بکرێت، تەنانەت لەگەڵ ھاووڵاتیی ئاسایی.''

پڕۆفیسۆر (خەلیل ئیسماعیل) لەو باوەڕەدایە کە ڕۆژ بە ڕۆژ پرسی ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان ڕوون دەبێتەوە و پێویستە لەسەر ھەموو زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمی و ڕێکخراو و کۆمەڵە و سەندیکاکان ھەموو ھەوڵێک بۆ سەرخستنی ڕیفڕاندۆم بدەن، چونکە ڕیفڕاندۆم تەنیا ئەرکی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نییە، بەڵکۆ ئەرکی ھەموو لایەکمانە، دەبێ ھەریەکە و لە شوێنی خۆی کاری بۆ بکات.''

هاوکات (د. فەتحی مزووری)، مامۆستای زانکۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ (سەرۆک بارزانی) لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆ کۆ بووەوە، ھەرچەندە من بە ھۆی بەجێھێنانی فەریزەی حەج لە کوردستان نیم، بەڵام دڵمان ھەر لە کوردستان بەجێ ھێشتووە، ئێمە لێرە لە مەککەی پیرۆز ئاڵای کوردستانمان ھەڵکردووە و لەوێوە ئاگاداری کۆبوونەوەکە بووم، بە ھۆی ئەوەی ئێمە دەوڵەت نین، کەس نامانناسێت و لێمان دەپرسن ئێوە کێن. ئێمە نەتەوەیەکین ناسنامەمان نییە، ناسنامە واتە دەوڵەتبوون، لەبەر ئەوە پێم وایە ڕیفڕاندۆم دەرفەتێکە بۆ گەیشتن بە خەونی ھەمیشەییی ھەموو کوردستانییەک.''

ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''بە ھیچ شێوەیەک نابێ بۆ پرسی سەربەخۆیی بیر لە ناکۆکیی سیاسی و ھەبوونی گەندەڵی و نەبوونی مووچە بکرێتەوە، چونکە ئەوانە کێشەی کاتین و قابیلی چارەکردنن، بەڵام دەوڵەت پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی ھەمیشەییی میللەتە، کە بە درێژایی مێژوو، خوێنی لەپێناویدا ڕشتووە.''

(د. فەتحی مزووری) دەشڵێت: ''جێگەی داخە خەڵکی بیانی سەریان سووڕماوە و سەیری ئەم دەرفەتە زێڕینەی ئێمە دەکەن بۆ سەربەخۆیی، کەچی ھەیە خەڵکی کوردستانە و دژی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستانە، کەچی نازانرێت ئەوانە مەرامیان چییە و بە تەمای چین، دەنگدانی نەخێر بۆ ڕیفڕاندۆم، بەڵگەیە لەسەر لاوازیی ھەستی نیشتمانیی ئەو کەسانە و دەنگی بەڵێش، بەدیھێنانی خەباتی شەھیدانە.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار