"کۆدەنگییەک دروست بووە بۆ گوشارخستنە سەر پەکەکە تا باشووری کوردستان چۆڵ بکات"

شنگال-KDP.info- قایمقامی شنگال ئاماژە بەوە دەکات، کە کردەوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی پەکەکە لە سنووری کوردستان خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی زۆر نیگەران کردووە، بۆیە کۆدەنگییەک دروست بووە، بۆ فشارخستنە سەر پەکەکە تا ناوچەکان چۆڵ بکات.
بە پێی ئامارە نافەرمییەکان پەکەکە زیاتر لە ٥٠٠ گوندی لە سنووری باشووری کوردستان داگیر کردووە و ناوبەناو دزە دەکەنە ناو شارەکانەوە، لە زۆر شوینیش بازگەیان داناوە و باج وەردەگرن. لێژنەی ئاسایش و ئەنجومەنی خۆجێیی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندووە، ڕاپۆرتێکیان لەو بارەوە داوەتە وەزارەتی ناوخۆ، کە پەکەکە چۆن پێشێلکاری دەکات، بەرانبەر بە ئەمنیەت و خەڵکی سڤیلی باشووری کوردستان. (مەحما خەلیل)، قایمقامی شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''پەکەکە خەڵکی نیگەران کردووە، هێزە سیاسییەکان پاشەکشەی لێ دەکەن، ئەو چاوپۆشییەی پێشتر لە لایەن هەندێک هێزی سیاسیی باشوورەوە لێی دەکرا، ئەوەش نامێنێت. فشارێکی زۆر لە سەر پەکەکە دروست بووە، کە سەرجەم گوند و شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان جێ بهێڵێت و ناکرێت وڵاتێکی وەک کوردستان باجی شەڕ و پەلامارەکانی پەکەکە بدات. لە زۆر شوێنی کوردستان، گرفتی ئیداری و ئەمنیی بۆ حکوومەت دروست کردووە، لە زۆر شوێن خەڵکی ڕفاندووە، بە هیچ شێوەیەک ئەمە قبووڵکراو نییە، پەکەکە دەیەوێت، حکوومەتێکی حزبی دروست بکات و خۆی دەسەڵات و بڕیاری هەبێت.''
قایمقامی شنگال ئەوەشی خستە ڕوو: ''ئەگەر هات و لە داهاتوودا سنوورێک بۆ دەستدرێژیەکانی پەکەکە دانەنرێت، ئەوا گرفتی زیاتر بۆ سنوورەکان و شارەکانی کوردستان دروست دەکات، بەتایبەت لە شنگال، کە هیچ حسابێک بۆ ئیدارە ناکەن.''
(نازم هەرکی)، جێگری سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و ئەنجومەنی خۆجێیی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پەکەکە زیاد لە ٥ هێزی چەکداری لە باشووری کوردستان هەیە، بەشێکی زۆریان لە شنگالن، لە کاتێکدا ماوەی ڕابردوو باس لە هەبوونی چەکداری پەکەکە کراوە لە سنووری هەڵەبجە، ئەمانە بۆ ئەمنییەتی کوردستان باش نین.''
(نازم هەرکی) باسی لەوەش کرد: ''ناکرێت لە باشووری کوردستان، کە خاوەنی پەرلەمان و حکوومەت و دامەزراوەی فەرمییە، پەکەکە بە ئارەزووی خۆی و بە یاسای دارستان هێز فراوان بکات و بۆ هەر کوێی بوێت، بیجووڵێنێت.''
(نازم هەرکی) گوتیشی: ''پەکەکە جگە لە قەندیل و مەخموور، شنگالیشی بۆ خۆی کردووەتە سەربازگە، لە کاتێکدا بەهۆی پەکەکەوە زۆرێک لە ڕێکخراوە مرۆڤدۆست و خێرخوازەکان لە شنگال کشاونەتەوە.''
کارزان سەباح هەورامی




