٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆک بارزانی: دەمانەوێ دەوڵەتی کوردستان فیدراڵی بێ

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- (سەرۆک بارزانی) جەختی کردەوە لەوەی راپرسی لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێ و دووپاتیشی کردەوە، دەوڵەتی کوردستان فیدراڵی دەبێ.


لە دیداریدا لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆی سنووری پارێزگای هەولێر، کە لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵا بەڕێوە چوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پرسگەلی پێوەست بە شەراکەت و هاوسەنگی لە بنیاتنانەوەی دەوڵەتی نوێی عێراقدا، خستە بەر باسەوە.

سەرۆکی هەرێم، بۆ مامۆستایانی ئامادەبوو، ئاماژەی بە دوو قۆناغی سەخت کرد، کە گەلی کوردستانی پێدا تێپەڕیوە، وەک قۆناغی دوای یەکەم جەنگی جیهانی تا ساڵی ٢٠٠٣، قۆناغی دووەمیش لە دوای نەمانی رژێمی پێشوو دەست پێ دەکات، گوتیشی: "هەر چەندە ماوەی قۆناغی دووەم کەمە، بەڵام ئەزموون و گۆڕانکارییەکی زۆری تێدا روویداوە".

لە دوای نەمانی رژێمی پێشوو و چوونی سەرکردایەتیی سیاسی گەلی کوردستان بۆ بنیاتنانەوە عێراق، سەرۆکی هەرێم گوتی: "چونمان بۆ بەغدا لە ساڵی ٢٠٠٣ بە مەبەستی بنیاتنانەوەی هەڵەیەکی گەورە بوو کردمان"، هۆکارەکەشی بۆ ئەو متمانە گێڕایەوە، کە پێشتر بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی رژێمی پێشوو هەیانبووە و گوتیشی: "پێمان وابوو ئەوان زیاتر لە خۆمان بەرگری لە مافەکانمان دەکەن، بەڵام بە پێچەوانەوە، کاتێک چوونە دەسەڵات، سیاسەتێکی پێچەوانەیان گرتە بەر، بە پێشێل کردنی ئەو رێککەوتنەی نێوانمان، کە لەسەر بنەمای تەوافق و تەوازن و شەراکەت بوو".

هەر لە میانەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆی پارێزگای هەولێر، گوتیشی: "ریفراندۆم مافی گەلی کوردستانە و ناتوانین بەو شێوە لەگەڵ عێراقدا بمێنینەوە، ئەم مجازەفەیە زۆر سەلامەتترە لە چاوەڕوانی و مانەوەمان".

لەبارەی بڕیاردان لە مافی چارەنووس لە ڕێگەی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆییەوە، (سەرۆک بارزانی) دووپاتی کردەوە، لەم ماوەیەدا لەگەڵ چەندان شاندی وڵاتانی جیهان و دراوسێکان کۆ بووەتەوە، هیچ نوێنەرێکیان دژایەتییان بۆ خواستی کورد لە بڕیاردان لە چارەنووس نیشان نەداوە، هەڵبەت کۆی سەرنجەکان لەسەر کاتە و، ئەوان باوەڕیان وایە کە، ڕاپرسی لەم دۆخی قەیراناوییەی ناوچەکەم کاریگەری بەسەر شەڕی داعشەوە دەبێ، کە لە ڕاستیدا وا نییە و نایبێ.
زیاتر لەوبارەوە گوتی، هەرگیز چاوەڕوان نەبووین کە وڵاتان بێن و بڵێن ئەوە دەوڵەت و پیرۆزتان بێ، خۆ لە ساڵی ١٩٩١ـیشدا بەرەوڕووی هەمان ئەو تەحەددایانە بووینەوە، بەڵام بە ئیرادەی بەهێزی گەلی کوردستان و سەرکردایەتیی کوردستانەوە، پەرلەمان و حکوومەتیش دامەزرا.
ئاماژەیشی دا کە، ڕەنگە پاش ڕاپرسی و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان، هەندێک وڵات بە شێوەی کاتی هەڵوێست بگرن، بەڵام بنیاتنانی دەوڵەت بێ باج سەرناگرێ و دەبێ ئامادەیش بن بۆ ئەوە.
جەختیشی کردەوە، لە دەوڵەتی نوێی کوردستاندا، پێمان باشە دەوڵەتی فیدراڵی بێ و، مافی کۆی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینەکان تییدا پارێزراو بێ.
لە دەوڵەتی نوێی کوردستاندا دەبێ کار لەسەر سیستمێکی نوێی ئابووری بکرێ. هەروەها دەوڵەتی کوردستان فیدراڵی دەبێ و هەر هەرێمێک پەرلەمانی خۆی دەبێت، لەو دەوڵەتەدا هەموو لایەنێک شەریک دەبن و هەر پارێزگایەک خۆی بەڕێوە دەبات.
ئەگەر سەریگرت، هاتنەدی خەونی سەدانساڵەی گەلی کوردستانە، کە سەریشی نەگرت، من باجەکەی دەدەم.
هاوکات داوای لە مامۆستایانی زانک و ئاکادیمیان کرد، هاوکار بن لەوەی کە، دەستووری دەوڵەتی کوردستان چۆنچۆنی بێ.

ئاماژە بە قۆناغی دوای ئەنجامی راپرسییش، (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند، هەنگاوەکانمان بۆ راپرسی کە وەسیلەیەکە بۆ بنیاتنانی دەوڵەت، بەو واتایە نییە لە ڕۆژی ٢٦-٩ـدا کۆی پێوەندییەکان لەگەڵ نەغدا بپچڕین، هەڵبەت گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بۆ چارەکردنی کیشەگەلێک کە لە نێوانماندا هەیە درێژەی دەبێ؛ بەڵام گفتوگۆ بۆ ڕازیکردنی گەلی کوردستان بە پێدانی پۆست نییە، چونکە ئەم سەردەمە بەسەر چووە، گفتوگۆ بۆ ئەوەیە کە تێیانبگەیێنین کە با ئیدی دوو درواسێی باش بین.

هەواڵی پەیوەندیدار