"پێشمەرگە نزیکەی 100 داعشی دەستگیر کردووە"

تەلەعفەر-KDP.info- فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری تەلەعفەر ئاشکرای کرد، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە میحوەری تەلەعفەر نزیکەی 100 تیرۆیرستی داعش دەستگیر کراون
.حەفتەی ڕابردوو ڕۆژی یەکشەممە ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردنی تەلەعفەر دەستی پێ کرد و پێش دوو ڕۆژ تەلەعفەر بە تەواوەتی ڕزگار کرا، بەڵام لە کاتی دەستپێکردنی پرۆسەکەوە تا ئێستا بەردەوام خەڵکی ئەو ناوچە ئاوارە دەبن و ڕوو لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە دەکەن و ئەوانیش پێشوازییان لێ دەکەن و ڕەوانەی کەمپەکانیان دەکەن و تیرۆریستانی داعشیش ھەوڵ دەدەن لە ناو ئاوارەکانەوە خۆیان ڕزگار بکەن.
لەمبارەیەوە، (سەمەردار زێباری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ژمارەیەکی زۆر تیرۆریستانی داعش ڕا دەکەن و دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە وڵاتی سووریا، بەڵام لە لایەن ھێزی پێشمەرگەوە دەستگیر دەکرێن.''
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە گوتی: ''تەنیا لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە میحوەری تەلەعفەر ئەوانەی ھێزی پێشمەرگە لە کەمین و لە ناو ڕیزەکانی ئاوارەکاندا دەستگیریان کردوون، ژمارەیان گەیشتووەتە 98 تیرۆریستی داعش.''
(سەمەردار زێباری) گوتیشی: ''ژمارەیەکی زۆری تیرۆریستانی داعش لەگەڵ ھاتنی ئاوارەکان لە نێو ڕیزەکانی ئەواندا خۆیان حەشار دەدەن، بەڵام ھێزی پێشمەرگە دەستگیریان دەکەن.''
بڵند ئیبراھیم




