کەسوکاری شەهیدان و مامۆستایانی زانکۆ؛ کوردستان دەبێتە دەوڵەتێکی نموونەییی ناوچەکە

هەولێر-KDP.info- مامۆستایانی زانكۆ و كەسوكاری شەهیدان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، خەڵكی كوردستان خەباتی كردووە بۆ سەربەخۆیی و ئازادی، ڕۆژی 25ی ئەیلوول بە جۆش و خرۆشەوە بەرەو سندووقەكانی دەنگدان دەڕۆن و دەنگ بە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی كوردستان دەدەن، دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی كوردستان گیانی شەهیدەكانمان ئاسوودە دەبێت و ئاواتی چەندین ساڵەی ئێمە و ئەوانیش دێتەدی.
(د. ئۆمێد موحسێن)، مامۆستای زانكۆ لە سۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: ''ڕیفراندۆم مافی هەموو گەلێكە، چەندین ساڵە ئێمە خەبات و تێكۆشان دەكەین تا ببین بە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، بۆیە دەبێ هەموو خەڵك بە (بەڵێ) دەنگ بە ڕیفراندۆم بدات، بۆیە بە دڵنیاییەوە دەبی هەمووان پشتگیری لە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی كوردستان بكەین.''
ئەو مامۆستایەی زانکۆ ڕوونیشی كردەوە: ''شیعە و سوننە كە باسی ڕیفراندۆم دەكەن، دەزانن ڕیفراندۆم هەر ئەنجام دەدرێت و كورد پەشیمان نابێتەوە، بۆیە زیاتر باسی قۆناغی دوای ڕیفراندۆم دەكەن، چونكە ڕیفراندۆم پرۆسەیەكی دیموكراسییە و دەستووری عێراقیش ئەو مافەی بە كورد داوە، بۆیە هەر لایەنێك و وڵاتێك دژایەتیی ڕیفراندۆم بكات، ئەوە ئەو وڵاتە دیموكراسی نییە و ئەو وڵاتانەی دیموكراسین تا ئێستا لێدوانی دژی ڕیفراندۆممان لێ نەبیستوون، تەنیا دەڵێن كاتەکەی گونجاو نییە.''
(د. ئەردەلان شاكر)، مامۆستای زانكۆ لە دهۆك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: ''وڵاتانی دیموكراسی لەگەڵمانن، هەروەها وڵاتە عەرەبییەكانیش بە هەمان شێوە دەڵێن، ئەگەر كوردستان سەربەخۆ بێت، دەبێتە فاكتەرێكی ئارام بۆ ناوچەكە، بۆیە كوردستان دەبێتە دەوڵەتێكی نموونەییی ناوچەكە.''
لە لایەكی دیكەوە كەسوكاری شەهیدان دەڵێن: ''دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی كوردستان، گیانی شەهیدەكانمان ئاسوودە دەبێت و ئاواتی چەندین ساڵەی ئێمە و ئەوانیش دێتەدی.''
(عەبدوڵڵا عوسمان)، لە شارەدێی شێلادزێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''كوڕەكەم لە پێناو وڵات شەهید بوو، شەهیدبوونی كوڕەكەم بۆ سەربەخۆییی كوردستان بووە، كە ڕۆژێك لە ڕۆژان كوردستان ببێتە وڵات و ئێمەش وەكو هەموو گەلانی جیهان ببینە خاوەن وڵاتی خۆمان، كە خەبات و قوربانیدانی ئێمە و شەهیدبوونی ڕۆڵەكانی ئێمەش هەر بۆ ئەوە بووە.''
(عەبدوڵڵا عوسمان) گوتیشی: ''ئاواتم سەربەخۆییە لە پێناو ئایندەیەكی گەشتر بۆ منداڵەكانم، چونكە بە درێژاییی مێژوو گەلی كورد خەبات دەكات و قوربانی دەدات بۆ ئەوەی سەربەخۆ بێت، بۆیە داوا لە خەڵكی خۆمان دەكەم بۆ ئەوەی گیانی شەهیدەكانمان ئاسوودە بێت، ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەن و بە (بەڵێ) دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان بدەن.''
(سەعدی خۆرشید)، باوكی شەهید كامەران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: ''تاكە هیوای كەسوكاری شەهیدان ئەوەیە كوردستان سەربەخۆ بێت، چونكە دەریایەك خوێنمان داوە و باب و باپیران و منداڵەكەم لە پێناو ئەو كوردستانەدا خۆیان كردووەتە قوربانی، بۆ ئەوەی خوێنی منداڵەكەم و هەموو شەهیدانی كوردستان بەفیڕۆ نەچێت، بۆیە داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم، بۆ ئەوەی هیچ باوكێكی دیكە جەرگسووتاو نەبێت، ڕۆژی 25ی ئەیلوول بەرەو سندووقەكانی دەنگدان بچن و بە (بەڵێ) دەنگ بدەن.''
(سەعدی خۆرشید) دەشڵێت: ''هەركەسێك دژی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستان بێت، خیانەت لە خوێنی شەهیدان دەكات، بۆیە داوا لە حزب و لایەنە سیاسییەكان دەكەم، كێشەكان بەلاوە بنێن، دەست لە ناو دەست پشتگیری لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستان بكەن.''
کەسوکاری شەهیدان و مامۆستایانی زانکۆ لەو راپۆرتەدا جەخت لەوەدەکەنەوە کە کوردستان دەبێتە دەوڵەتێکی نمونەیی لە ناوچەکەدا لەڕووی سەقامگیری و پارێزگاریکردن لە دیموکراسییەتدا.
ڕابین شێروانی




