٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چەکی پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان گەیشت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، چەکی ٨٠% پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ گەیشتووە و بڕیارە دوای جەژنیش پارەکەیان بەسەردا دابەش بکرێت.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، وەزارەتی بازرگانی عێراقی ڕاسپارد بۆ ئەوەی تەواوی پارەی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ ڕەوانە بکات، کە ١٣٥ ملیاردینارە، بەڵام وەزارەتی بازرگانی تەنیا ٨٠% پارەکەی خەرج کردووە.

لەمبارەیەوە، (زیاد حوسێن)، بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێستا چەکی پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرسێ پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان گەیشتووە، کە ٨٠% پارەی گەنمی جووتیارانە و نزیکەی ١٠٠ ملیار دینارە.''

دەربارەی وادەی دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران، بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵ گوتی: ''خەرجکردنی پارەکە ھەندێک ڕێکاری ماوە، بۆیە دابەشکردنی بەسەر جووتیاراندا دەکەوێتە دوای جەژنی قوربان.''

ئەمساڵ جووتیارانی ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٣٠٠ ھەزار تۆن گەنمیان ڕادەستی سایلۆکان کردووە.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار