کۆمسیۆن داوای لە هاووڵاتیانە سەردانی بنکەکانی دەنگدان بکەن؛ کارتی دەنگدانی عێراق، کاری پێ ناکرێت

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان داوا دەکات، هاووڵاتیانی کوردستان سەردانی ناوەندەکانی تۆماری دەنگدان بکەن بە مەبەستی دۆزینەوەی ناوی خۆیان و ئامادەکاری بۆ ڕۆژی ڕیفراندۆم.
ڕۆژی ٢٥\٩ ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت، لە ئێستاوە کۆمسیۆن دەستی بە ئامادەکاری کردووە بۆ ئەنجامی ڕیفراندۆم، لە قۆناغی یەکەمدا هۆشیاری بە ناو خەڵکدا بڵاو کراوەتەوە، کە سەردانی بنکەی تۆماری دەنگدان بکەن بۆ تۆمارکردنی ناوەکانیان، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک ڕێنماییی پێوست هەیە، دەبێ دەنگدەر ڕەچاویان بکات، (کاروان جەلال)، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بە هیچ شێوەیەک کارتی دەنگدانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕیفراندۆم و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ناخوات و کاری پێ ناکرێت.''
(کاروان جەلال) ئەوەشی ڕوون کردەوە: ''هەرکەسێک دەیەوێت ناوی خۆی تۆمار بکات، دەتوانێت سەردانی ئەو بنکانەی تۆماری دەنگدەران بکات کە کۆمسیۆن بۆ تازەکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستنیشانی کردوون.''
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی ئەوەیشی خستە ڕوو: ''تۆمارکردنی ناوی قەوارە سیاسییەکان لە سەری مانگ کۆتایی دێت، ئەوانیش ئامادەکارییان کردووە بۆ تۆمارکردنی ناوی قەوارە سیاسییەکان، بۆیە گرنگە خەڵکی هەرێمی کوردستان بەدەم ڕینماییەکانەوە بێن و ناوی خۆیان تۆمار بکەن تا لەو ڕۆژەدا تووشی گرفت نەبن.''
کارزان سەباح هەورامی




