فەرماندەییی گشتیی پێشمەرگەی کوردستان: لاشەی ١٣٠ تیرۆریست کەوتووەتە دەست پێشمەرگەی کوردستان
هەولێر-KDP.info- فەرماندەییی گشتیی هێزی پیشمەرگەی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، تیرۆریستان لە باکووری تەلـلەعفەر و ئاڤگەنی، کەوتنە بۆسەی پێشمەرگەوە و دوای شەڕێکی قورس و لە ماوەی ٧٢ سەعاتی ڕابردوودا، تیرۆریستان شکستیان برد و زەبری کوشندەیان بەر کەت.
دەشڵێ، لاشەی ١٣٠ تیرۆریست کەوتووەتە دەست پێشمەرگەی کوردستان.
دەقی ڕاگەیێندراوی فەرماندەییی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان:
دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش لە شەڕی تەلـلەعفەر و ئاڤگەنی (عیازییە) تووشی شکست هاتن، هەوڵی ئەوەیان دا ڕێگایەک بۆ خۆدەربازکردن بەرەو سووریا بکەنەوە. بەڵام پێشمەرگەی کوردستان ئامادەییی تەواویان هەبوو و تیرۆریستان لە باکووری تەلـلەعفەر و ئاڤگەنی، کەوتنە بۆسەی پێشمەرگەوە و دوای شەڕێکی قورس لە ئەنجامدا لە ماوەی ٧٢ سەعاتی ڕابردوودا تیرۆریستان تووشی شکست و زیانی گەورە هاتن و لاشەی ١٣٠ تیرۆریست کەوتووەتە دەست پێشمەرگەی کوردستان و، گەڕان بەدوای پاشماوەکانی ئەو تیرۆریستانە بەردەوامە.
فەرماندەییی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
٢٩ـی٨ـی٢٠١٧




