وەزارەتی رۆشنبیری: ڕاگرتنی پەخشی ئێن ئاڕتی بەپێی ڕێنمایی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١٤یه

ههولێر-KDP.info- وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان رەتیکردەوە، ڕاگرتنی پەخشی کەناڵی ناوخۆیی (ئێن ئاڕتی) پەیوەندی بە فشاری سیاسیەوە ھەبێـت، دهشڵێ، ھەر کەناڵێک سەرپێچی یاساو رێنمایەکانی وەزارەت بکات لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
(فەرھەنگ گومەشینی)، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "ئێمە لە قۆناغێکی ههستیار و گرنگی سیاسی دا دەربازدەبین، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بە فەرمیی ڕەتیکردەکەینەوە بە ھیچ شێوەیەک ڕاگرتنی پەخشی کەناڵی ناوخۆیی (ئێن ئاڕتی) بە فشاری ھیچ کەس و لایەنێکی سیاسی نەبووە، بەڵکۆ بەپێی ڕێنمایی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١٤ ریکلامی ھەر کەناڵێکی بێ مۆڵەت لە کەناڵێک بڵاوبکرێتەوە کە مۆڵەتی فەرمیی ھەبێت، بەپێی رێنمایی وەزارەتمان لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت، بۆیه ئێمە ڕەتیدەکەینەوە کە لێرە و لەوێ ئەوەی باس دەکرێت بەفشاری سیاسی داخراوە ئەسڵ و ئەساسی بۆنییە.
(گومەشینی) گوتیشی، "لە بنەڕەتدا ئێمە داکۆکی لە مافی ئازادی رۆژنامەگەری دەکەین و نابێت ئازادیەکان بەرتەسک بکرێنەوە، بەڵام ئەگەر پێچەوانەی ههر بڕیار و رێنمایهک کار بکرێت مۆڵەتی ئەو کەناڵە رادەگیرێت.
وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دهشڵێ، "ئێمە چاوەڕوانی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانین بۆ دیاریکردنی کاتی بەڕێوەچوونی بانگەشەی ریفڕاندۆم، ئێمەش وەک وەزارەتی رۆشنبیری کار لەگەڵ مەرجەعیەتی خۆمان دەکەین کە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانە و ھەر بڕیارێک دەربکات جێبەجێی دەکەین.
قائید میرۆ




