خه‌لیل ئیبراهیم: له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان كۆده‌بینه‌وه.. ده‌وڵه‌تى نه‌ته‌وه‌یى دروست ناكه‌ین

هه‌ولێر-KDP.info- ئه‌ندامێكى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ڕیفرەندۆم ده‌ڵێت، له دوا كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ڕیفرەندۆم، بڕیارى ئاماده‌كردنى بەڵگەنامە بۆ پێكهاته‌كانى كوردستان دراوه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش رۆژى چوارشه‌ممه له‌گه‌ڵیان كۆده‌بنه‌وه.
(خه‌لیل ئیبراهیم) ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ریفرەندۆم، بۆ ماڵپەڕى فه‌رمیى پارتى دیمو‌كراتى كوردستانى گوتی، "له دوا كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ڕیفرەندۆم باس له‌وه كرا، كه بەڵگەیەکی سیاسى بۆ مافى پێكهاته‌كان دابنرێت"، ناوبراو گوتیشی، "به‌نده بۆ ئه‌و دۆسیه دیاریکرام، تا ئه‌وه‌ى رێكخه‌ر بم".
وەک ئەندامەکەی ئەنجوومەنی باڵای ریفرەندۆم ئاماژەی پێ‌کرد، په‌یوه‌ندییان به توركمان و ئاشوورى و مه‌سیحى و پێكهاته‌كانى تر کردووە، "ئه‌و حیزبانه‌ی تریش پێمان ڕاگه‌یاندوون، كه له نێوان خۆیان دابنیشن و وه‌ره‌قه‌یه‌ك ئاماده بكه‌ن، بزانن چیتان ده‌وێت"، ناوبراو گوتیشی: "بڕیاره رۆژى چوارشه‌ممه کاژێر ١٠ى سەر لە بەیانی له‌گه‌ڵ برا توركمانه‌كان، دواتریش پاش نیوه‌ڕۆ له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ى كلدان و ئاشوورى و سریانه‌كان كۆببینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ینه ئه‌نجامێك، سه‌ره‌تا داواكارى خۆیان بنووسن چیان ده‌وێت، ئێمه‌ش ئاماده‌ین گفتووگۆى ده‌كه‌ین و ده‌گه‌ینه دیدێك و وه‌سیقه‌یه‌كى هاوبه‌ش".
وه‌ك ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ڕیفرەندۆم گوتى: "ده‌بێت پێكهاته‌كان بۆ مافه‌كانیان پشتڕاست و دڵنیابن و هیچ دوودڵى و قه‌له‌قیان نه‌بیت، تاوه‌كو ده‌وڵه‌تێكى نموونه‌یى و دیموکراسی دروست بکەین، ده‌بێت هه‌موو پێكهاته‌كانیش هاوبەشی ڕاسته‌قینه بن و مافى سیاسى و كه‌لتوورى و رۆشنبیرى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ته‌واوى مافه مه‌ده‌نیه‌كان و ئیدارى و بوونیان له داموده‌زگاكانى ده‌وڵه‌ت هه‌بێت".
(خەلیل) ئەو دانیشتنانەش لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان و درووست‌کردنی بەڵگەیەکی سیاسى بۆ مافى پێكهاته‌كان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە ده‌وڵه‌تى نه‌ته‌وه‌یى دروست ناكه‌ین، "به‌ڵكو ده‌وڵه‌تى هه‌موو پێكهاته‌كان دەبێت و دوور دەبین له ده‌رمارگیرى نه‌ته‌وه‌یى، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى نه‌ته‌وه‌یى هه‌مووى فه‌شه‌لیان هێناوه".
له باره‌ى كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ى عه‌ره‌ب له‌شارى كه‌ركووك (خه‌لیل) گوتی: "پێكهاته‌ى عه‌ره‌ب له شارى كه‌ركووك، پێكهاته‌یه‌كى گرنگه و به‌شێكه له‌و گه‌لانه‌ى له نێو ئێمه ده‌ژین، ئه‌وانیش له نزیكترین كات له‌گه‌ڵیان كۆده‌بینه‌وه، تا بزانین چ داواكارى و پێشنیازێكیان هه‌یه".
نەشوان بەرزنجی




