عەسکەری: لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆ دا عەرەب و تورکمانیش بەشدار دەبن.. چاوەڕێی بهغدا ناکەین

كهركووك-KDP.info- (ئەحمەد عەسکەری) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دهڵێ، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیار لەبارەی بەشداریکردن لە پرۆسەی ریفراندۆم دەدات و بەشێک لەئەندامانی عەرەب و تورکمانیش لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆ بەشداری دەکەن.
(ئەحمەد عەسکەری) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ئەمڕۆ كاتژمێر١٠:٠٠ی بەیانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوە دەچێت و تێیدا بڕیار لەبارەی بەشداری کردن لەپرۆسەی ریفراندۆم دەدرێت و داواش لەکۆمسیۆن دەکرێت ئامادەکاری بۆ ئەوپرۆسەیە لەکەرکووک بکات.
(عەسکەری) گوتیشی، "ھەردوو کوتلەی عەرەب و تورکمان بڕیاریان داوە بەشداری لەوکۆبوونەوەیە نەکەن، بەڵام بەشێک لەئەندامانیان بەڵێنیان داوە ئامادەبن، ھەر چەندە ئەگەر ئامادەش نەبن کۆبوونەوەکە بەڕێوەدەچێت و نیسابی یاسایی ئەندامان تەواو دەبێت، چونکە کورد زۆرینەیە.
ئهو ئەندامهی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دهشڵێ، "ھیچ کێشەیەک لە دانی ئەو بڕیارە دروست نابێت، چونکە کە بەغدا مافی کورد نەدات ئێمەش بڕیار لەچارەنووسی خۆمان دەدەین و چاوەڕێی ئەوان ناکەین.
بڵند ئیبراھیم




