لایەنە سیاسییەکان لە هەڵەبجە پشتگیرییان بۆ ڕیفراندۆم دووپات کردەوە
_-_Copy__2017_08_28_h17m19s41__HK.jpg)
هەڵەبجە-KDP.info- بەرپرسی لقی١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە گوتی، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان، ھەمووان پشتگیرییان لە پرۆسەی ڕیفراندۆم کرد و جەختیش کرایەوە، پێویستە یەکھەڵوێستیی خۆمان لەسەر ئەو پرۆسەیە بپارێزین.
ڕۆژ بە ڕۆژ وادەی ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم زیاتر نزیک دەبێتەوە و بەرەی پشتگیریکردنیش لەو پرۆسەیە لە ناوخۆ و دەرەوەی ھەرێم فراوانتر دەبێت و ئێستا لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستانیش کەمپین بۆ پشتگیریکردن لەو پرۆسەیە ڕادەگەیەندرێت و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمیش پشتگیری لەو پرۆسەیە دەکەن.
لەمبارەیەوە، بەرپرسی لقی١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە، (فازڵ بەشارەتی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان لایەنە سیاسییەکاندا لە پارێزگای ھەڵەبجە جەخت لەوە کرایەوە، کە پێویستە تەباییی خۆمان لەسەر پرسەکان بپارێزین، بەتایبەت لەبارەی پرسی ڕیفراندۆمەوە، کە زۆر گرنگە و، ھاوکات یادداشتێک ئاراستەی حکومەت دەکەین، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی هەڵەبجە بکرێت، ڕاستە لە ڕابردوودا پڕۆژەی باشی بۆ کراوە، بەڵام پێویستی بە زیاتر ھەیە و دۆخی ئابووریی حکوومەتیش ئێستا باشترە، بۆیە پێویستە خزمەتی زیاتریشی بکرێت.''
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، کە یەکھەڵوێستیی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پرۆسەی ڕیفراندۆمەوە گرنگیی خۆی ھەیە و پێویستە ھەموو لایەک بەبێ جیاوازی پشتگیری لەو پرۆسەیە بکەن، چونکە ئەمە پرۆسەیەکی نیشتمانی و نەتەوەییە و مڵکی ھیج لایەن و حزبێک نییە، (فازل بەشارەتی) لەو بارەیەوە گوتی: ''ھەموو لایەنەکان لە کۆبوونەوەکەدا یەکھەڵوێست بوون لەبارەی پشتگیریکردن لە پرۆسەی ڕیفراندۆم لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە و پێشم وایە خەڵک ناتوانێ دەست بۆ پرسی ڕیفراندۆم بەرێت، ئەگەر بەرامبەر بە نەیارەکانی کورد بەکاری نەهێنن.''
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ دەربارەی دۆخی سنووری پارێزگای ھەڵەبجە، ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ئەو سنوورە کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا و تێیدا چەند پرسێکیان گەنگەشە کرد، یەکێک لەوانە پرۆسەی ڕیفراندۆم بوو، کە بڕیارە ئەمساڵ لە ٢٥/٩ بەڕێوە بچێت.
بڵند ئیبراھیم




