٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دوو وڵاتی دیکە کونسووڵخانە لە هەرێم دەکەنەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  دوو وڵاتی دیکەش بڕیاری کردنەوەی کونسووڵخانەیان لە ھەرێمی کوردستان دەرکرد، چاودێرێکی سیاسیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی سیستەماتیک پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی پتەو کردووە.

(مەیادە نەجاڕ)، چاودێری سیاسی و شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان یەکێکە لە ھەنگاوە سەرەکییەکانی پێشکەوتن و پتەوکردنی دەوڵەت، چونکە ھەر دەوڵەتێکی فیدڕاڵی، کۆنفیدڕاڵی، یان سەربەخۆ، پێویستە بە شێوەیەکی سیستەماتیک، گرنگی بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بدات. ئەوەی ئەمڕۆ لە ھەرێمی کوردستان تێبینی دەکرێت، بە شێوەیەکی باش کار لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کراوە و، بە ھۆی سیاسەتی حەکیمانەی (سەرۆک بارزانی)یەوە توانراوە بە شێوەیەکی پتەو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ھەرێمی کوردستان بنیاد بنرێن، بەرھەمی ئەو پەیوەندییانەش دیارە، کە ئێستا ٣٨ کونسووڵخانەی وڵاتان لە ھەرێمی کوردستاندا ھەن و جگە لەوەش، ١٤ ئاژانسی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن، ھەروەھا ئاژانسی کۆری و ژاپۆنیش ھەن.''

(فەلاح مستەفا)، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ''بڕیارە ھەردوو وڵاتی کرۆواتیا و کۆماری دیموکراتی سریلانکا، کۆنسوڵخانەی فەخریی خۆیان لە ھەرێمی کوردستان بکەنەوە.''

(مەیادە نەجاڕ) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ئێستا زۆرێک لە وڵاتانی جیھان دەخوازن لەبری ئەوەی بچنە بەغدا پەیوەندی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ببەستن و پێم وایە ئەگەر دوای ڕیفڕاندۆم بەرەو سەربەخۆیی ھەنگاو بنێین، ئەوە زۆرینەی وڵاتانی جیھان باڵوێزخانە و کونسووڵخانەی خۆیان لە کوردستان دەکەنەوە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمان دەچێتە قۆناغێکی دیکەی پێشکەوتوو لەسەر بنەمای دەوڵەتداری.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار