٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عومەر ئیلخانیزادە: ھەرێمی کوردستان ڕاستگۆترین ھاوپەیمانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان گوتی، ھەرێمی کوردستان ڕاستگۆترین ھاوپەیمانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە، بۆیە گەر ڕیفراندۆم ئەنجام بدەن، دژایەتیی ئەو پرۆسەیە ناکەن، چونکە ھەرێمی کوردستان دژی تیرۆریزمە لە ناوچەکەدا.

ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەی پشتگیریکردن لە پرۆسەی ڕیفراندۆم فراوانتر دەبێت و زۆرینەی وڵاتانی جیھانیش پشتگیری لە ھەرێمی کوردستان دەکەن و بە مافێکی ڕەوای گەلی کوردستانی دەزانن و تا ئێستاش ھیچ وڵاتێک دژایەتیی ئەو پرۆسەیەی نەکردووە و بگرە ڕۆژ بە ڕۆژ پشتگیریکردنی زیاتر دەبێت و داوا دەکەن ھەرێمی کوردستان ئەو دەرفەتەی بۆی ڕەخساوە لە دەستی خۆی نەدات.

لەمبارەیەوە، (عومەر ئیلخانیزادە) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پرۆسەی ڕیفراندۆم مافێکی سروشتیی ھەرێمی کوردستانە، کەس ناتوانێت نکۆڵی لێ بکات، لەبەر ئەوەی کورد لە باشووری کوردستان ھەموو ڕێگایەکی تاقی کردەوە بۆ بنیاتنانی عێراق، بەڵام هەر زیان بەر ھەرێمی کوردستان کەوتووە و ھیچ سودی بۆ ھەرێمی کوردستان نەبووە، تەنانەت پێشمەرگە کە داعشی تێکشکاند، پارەی ئەوانیشیان بڕی.''

پێشتر ھەرێمی کوردستان ھەوڵی زۆری دا بۆ ئەوەی ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان، بەڵام بەغدا ئامادە نەبوو ئەو ماددەیە جێبەجێ بکات، بۆیە ھێزی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا توانی ئەو ناوچانە بە خوێن بگەڕێنێتەوە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، لەوبارەیەوە، (عومەر ئیلخانیزادە) گوتی: ''لە شەڕی داعشدا بە دڵخۆشییەوە ھێزی پێشمەرگە توانیویەتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بگەڕێنێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان، بۆیە ئێستا دەرفەتێکی زۆر  باشە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان ڕیفراندۆم ئەنجام بدات و سەربەخۆیی ڕابگەینێت، چونکە ئەمە مافی ھەرێمی کوردستانە، بۆیە پێویستە ھەموو لایەنەکانیش لەسەر ئەو پرسە یەکڕیز بن و زۆر ئاساییشە، کە ھەندێک کەس دەنگ نەدەن، بەڵام گەلی کوردستان لە ڕۆژی دەنگداندا، وەکو گەلانی جیھان دەیسەلمێنن، کە دەیانەوێت سەربەست و ئازاد بن.''

تا ئێستا ھیچ وڵاتێک دژایەتیی پرۆسەی ڕیفراندۆمی نەکردووە و بەردەوام باس لەوە دەکەن کاتەکەی گونجاو نییە و ھەرێمی کوردستانیش کاتەکەی بە گونجاو و لەبارە دەزانێت و سوورە لەسەر ئەوەی لە وادەی خۆیدا پرۆسەکە بەڕێوە بچێت، (ئیلخانیزادە) ڕوونی کردەوە: ''ئەوانەی باس لەوە دەکەن ئێستا کورد ڕیفراندۆم نەکات بۆ بەرژوەندیی خۆیانە، بەڵام کوردیش لە ئەنجامدانی، بەرژەوەندیی خۆی ھەیە، بۆیە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەمە قبووڵ بکات، چونکە ھەرێمی کوردستان لە شەڕی کەنداو و ڕووخانی (سەددام) و تا ئێستاش ھاوپەیمانێکی ڕاستگۆی ھاوپەیمانان بووە، لەبەر ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان سیکۆلاریزم ھەیە و جێگای ھەموو ئایینەکان دەبێتەوە و لە نێو خۆیاندا بە باشترین شێوە، خۆیان حەواندووەتەوە، بۆیە ڕای نێودەوڵەتی دژایەتیی ھەرێمی کوردستان و ڕیفراندۆم ناکات.''

(ئیلخانیزادە) باسی لەوەش کرد: ''ئەگەر ئێمەی کورد یەکدەنگ بین، ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپاش کێشەمان بۆ دروست ناکەن لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، چونکە کوردستان دژی تیرۆر و داعش بەزێنە، کە دژی ھەموو بیرکردنەوەیەکی تیرۆریزمە و لەبارەی دراوسێکانیشەوە ئێران ھێندە بەھێز نییە، ھێرش بکاتە سەر ھەرێمی کوردستان، وەکو پێش ٣٠ ساڵ و، تورکیاش ھەرشتێک بکات خۆی زیان دەکات و عێراقیش لاوازە و سووریاش ھەروەھا، بۆیە کاتەکە بۆ ھەرێمی کوردستان و ڕیفراندۆمەکەی زۆر لەبار و گونجاوە.''

بڕیارە پرۆسەی ڕیفراندۆم لە ٢٥/٩ی ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەڕێوە بچێت، بۆ ئەو مەبەستەش ھەموو ئامادەکارییەک کراوە.

بڵند ئیبراھیم  

هەواڵی پەیوەندیدار