٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆچەر: ئەمڕۆ ٨ کچی ئێزدی ڕزگار کران

سەرچاوە: KDP.info

تەلەعفەر-KDP.info- بەڕێوبەری ئاسایشی ڕۆژئاوای دیجلە گوتی، ئەمڕۆ توانیویانە لە تەلەعفەر ھەشت کچی کوردی ئێزدی لە دەستی داعش ڕزگار بکەن و بڕیارە ھەر ئەمڕۆش ڕادەستی کەسوکاریان بکرێنەوە.

رۆژی یەکشەممەی حەفتەی ڕابردوو، پرۆسەی ڕزگارکردنی تەلەعفەر دەستی پێ کرد و دوێنێش توانرا ئەو قەزایە بە تەواوەتی لە دەستی داعش ڕزگار بکرێت، ئەمەش وای کرد تیرۆریستانی داعش لە ڕێگەی جیاجیاوە ڕا بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان بگەیەننە سووریا، بەڵام زۆربەیان دەکەوتنە کەمینەکانی پێشمەرگەوە و دەکوژران.

لەمبارەیەوە، عەمید (ئاشتی کۆچەر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: ''دوای ڕزگارکردنی تەواوی تەلەعفەر، لە دوو کەمیندا دوێنێ ئێوارە ١٨ تیرۆریستی داعشمان کوشت و ١٢ تیرۆرستی دیکەشمان دەستگیر کرد، چونکە دەیانویست بەرەو سووریا ڕا بکەن و خەڵکێکیش دەیەوێت بە پارە ئەوانە ڕزگار بکات.'' بەبێ ئەوەی ناوی ئەو کەس و لایەنانە بێنێت.

بە پێی گوتەی نووسینگەی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی تەلەعفەردا ھیچ خاڵێک نەبووە باسی ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی بکات، بۆیە تەنیا ١٠ کەس ڕزگار کراون و ڕزگارکردنی ئەوانیش لای بەغدا ھیچ گرینگیی پێ نەدراوە، لەوبارەیەوە، عەمید (ئاشتی کۆچەر) گوتی: ''ھەر ئەمڕۆ توانیمان ھەشت کچی کوردی ئێزدی لە دەستی داعش ڕزگار بکەین و ئێستا لە بارەگای ئێمەن و چاوەڕێی کەسوکاری ئەوانین بۆ ئەوەی بێن کچەکانیان ببنەوە.''

(کۆچەر) ڕوونیشی کردەوە: ''ئێستا نیزیکەی ٦٠٠ خێزانی ئاوارە ھاتوون و خۆیان لە سنووری پێشمەرگە نیزیک کردووەتەوە بۆ ئەوەی ڕێگەیان پێ بدرێت دەرباز بن و ئێمەش تەنیا ڕێگە بە ژنان و منداڵان دەدەین، کە تێپەر بن و ڕەوانەی کەمپەکانیان دەکەین.''

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار