پشکۆ نەجمەددین: دژایەتیکردن و دانانی لەمپەر لەسەر ڕێی ڕیفرەندۆم، هیچ پاساو و پێشمەرجێک هەڵناگرێت

هەولێر-KDP.info- نووسەر و شۆڕشگێڕێکی باشووری کوردستان دەڵێت، "ئێمە لە بەردەم دەرفەتێکی مێژووییدا وەستاوین و ناکرێت ڕووی لێ وەر بگێڕین"، هاوکات دژایەتیکردن و لەپمەر دانانیش بۆ پرۆسەی ریفرەندۆم بە ئەجێندای سیاسی ناو دەبات.
(پشکۆ نەجمەدین) نووسەر و شۆڕشگێری دیاری باشووری کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییی باشووری کوردستان، رایگەیاند: "مافی گشتپرسی، مافێکی دیموکراتییە و کورد و هەر نەتەوەیەکی دیکە، بەپێی یەکێک لە بەندەکانی جاڕدانی گەردوونیی مافی مرۆڤ، بۆی هەیە و مافی خۆیەتی، لە هەلومەرجی گونجاودا، ئەم مافە بەکار بەرێت".
(نەجمەددین) باوەڕی وایە، لە ئێستادا دۆخێکی سیاسیی گونجاوی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بۆ بڕیاردانی مافی چارەنووسی گەلێک، کە ساڵانیکی دوورودرێژە، لە پێناوی ڕزگاری و ئازادیی یەکجارەکیدا خەبات دەکات، ڕەخساوە، گوتیشی: "ڕیفرەندۆم ئەگەر بە مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بێت، دژایەتیکردن و دانانی لەمپەر لەسەر ڕێی ئەو پرۆسەیە، هیچ پاساو و پێشمەرجێک هەڵناگرێت".
ئەو نووسەرەشۆڕشگێڕە هەروەها دەڵێ، نابێت سیاسییەکان، بە تایبەتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە گشتی، ناکرێت، بە هیچ بیانوویەک، مەسەلەی دامەزراندنی کیانی سەربەخۆ و مومارەساتی دەستەڵات و ئەدای سیاسی و کۆمەڵایەتیی حیزبە دەستەڵاتدارەکانی حکوومەتی هەرێم تێکەڵ بکەن، زیاتر دەڵێت: "ئەمە کارێکی ناڕەوا و نادرووستە، ئەگەر مەسەلەی ڕیفرەندۆم بۆ موزایەدەی سیاسی و حیزبی بەکار بهێنرێت".
لەبارەی بەرەی نەخێر بۆ ریفرەندۆم و دیاریکردنی مافێکی وەک سەربەخۆیی بۆ گەلی کوردستان، (پشکۆ) دەڵێ: "ئەوەی بەرەی نەخێر لە ئێستادا، دەیکات، جگە لە موزایەدەی سیاسی، ئەوا بەشێکیشە لە ئەجێندای وڵاتانی ئیقلمیی داگیرکاری کوردستان"، ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە، هەر کەس و لایەنێک، دەتوانێت دژ بە سیستەم و دەستەڵاتی سیاسی بێت لە کوردستاندا، دەتوانێت هەموو حیزبەکان بە بنەماڵە و مافیا لەقەڵەم بدات، بەڵام، ئەوە تەنیا دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە کە پاش دامەزراندنی، دەکارێت، فەزایەکی ئاوەڵا و دروست، بۆ گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و کەلتوورییەکان ساز بکات و حکوومەت و سیستمی درووست، کە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و جۆرێک لە یەکسانی لە بەرنامەی کاریاندا هەبێت، بنیات بنێت".
(پشکۆ نەجمەددین) ئاماژە بەوەی کە کورد، یا هەر میللەتێک، کە دەوڵەتی نەبوو، لە دەرەوەی مێژوو دەژیێت! دەشڵێ: "ئاخاوتەی من لەمەڕ سەربەخۆیی، هەر ئەوەیە کە دەڵێم: دەکرێ حیزبەکان و کەسەکان و نووسەر و ڕۆشنبیرەکانی کورد، لەم قۆناغەدا، ناکۆکی و جیاوازییە فیکری و سیاسییەکانیان بپارێزن و لەسەر مەسەلەی دەوڵەت یەکدەنگ و یەکهەڵویست بن، دەبێ هەموو لایەک، بەرژەوەندییە حیزبییەکانی خۆیان وەلا بنێن و لەوە تێبگەن کە سەربەخۆیی، مڵکی هیچ سەرکردە و سەرۆک و حیزبێک نییە. ئێمە هەموومان لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدا وەستاوین و ناکرێت ڕووی لێ وەر بگێڕین".
خێڵان بەختیار




