دووەم گفتوگۆی سەرکردایەتیی باشووری کوردستان و ھاوپەیمانیی شیعە، لە ھەولێر دەبێت

هەولێر-KDP.info- بڕیارە دوای جەژنی قوربان، شاندێکی ھاوپەیمانیی نیشتیمانیی شیعە سەردانی ھەولێر بکات، شرۆڤەکارێکی سیاسییش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات پێویستە دانوستانەکانی ھەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ دوای قۆناغی سەربەخۆییش بەردەوامبێت.
لەوبارەوە (رۆمیۆ ھەکاری) ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ریفڕاندۆم بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "شاندەکە لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای ریفڕاندۆم کۆ دەبێتەوە"، ناوبراو ئاماژە بە هۆکاری سەردانی ئەو شاندەش بۆ هەرێم دەکات و دەڵێت: "بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، لە کاتی سەردانی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ھاوپەیمانیی نیشتیمانی داواکاریی ئێمەی بۆ مەرجەعیەتی خۆیان بردووە و ئێمەش کە گەڕاینەوە ئەنجامی کۆبوونەوەکەمان لەگەل ھاوپەیمانی نیشتیمانی گەیاندووەتە ئەنجوومەنی باڵای ریفڕاندۆم".
(ھەکاری) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، لە کاتی سەردانی شاندی ھاوپەیمانیی نیشتیمانی بۆ ھەولێر، زیاتر لە جارێک لەگەڵیان کۆ دەبنەوە، "لە بارەی ریفڕاندۆم دانوستان دەکەین".
رۆژی ١٤ـی ئاب شاندێکی باڵای ھەرێمی کوردستان بۆ گەیاندنی پەیامی ھەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەل سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامدا.
دکتۆر (بوخاری عەبدوڵڵا)، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەردەوامیی دانوستانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بە پێویست دەزانێت و دەشڵێت: "راستە ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە ریفڕاندۆم لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و دوا ناخرێت، بەڵام بۆ قۆناغی دوای سەربەخۆییش، پێویستە پەیوەندی و دانوستانمان لە نێواندا هەبێت".
قائید میرۆ




