لە بارەی بەشداریکردنی شارەکەیان، کەرکووک ئەم بڕیارە دەدات

کەرکووک-KDP.info- ئەندامێکی کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، سبەی سێشەممە، ئەنجوومەنی پارێزگای شارەکە کۆ دەبێتەوە و تێیدا بڕیار لە بارەی بەشداریکردنیان لە پرۆسەی ریفراندۆم دەدات.
(ئەحمەد عەسکەری) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆ ببێتەوە و تێیدا باس لە ریفراندۆم دەکرێت و بڕیار دەدرێت، کە پرۆسەی ریفراندۆم لە شاری کەرکووک ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستان بکرێت"، هاوکات داوا لە کۆمسیۆنیش دەکەن، ئەو پرۆسەیە لە کەرکووکیش ئەنجام بدرێت.
لە بارەی بەشداریکردنی پێکهاتەکانی تری ئەو شارە، (ئەحمەد عەسکەری) گوتی: "لەگەڵ پێکھاتەکانی دیکەی کەرکووکیش قسە کراوە، ھەندێک رازی بوونە بەشداری لەو کۆبوونەوەیە بکەن، ھەندێکیش ماونەتەوە ئەمڕۆ قسەیان لەگەڵ بکەین، بۆ ئەوەی ئەوانیش بەشدار بن".
بڕیارە ئەمساڵ لە ٢٥/٩ پرۆسەی ریفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە رێوە بچێت، بۆ ئەو مەبەستەش ھەموو ئامادەکارییەک کراوە.
بڵند ئیبراھیم




