٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كوردانی هەر چوارپارچە: دەوڵەتی باشووری کوردستان، پەناگای هەمووان دەبێ، تا دووا دڵوپی خوێن بەرگری لێ دەكەین

سەرچاوە: KDP.info


هەولێر-KDP.info-  كوردانی چوارپارچەی كوردستان جەخت دەكەنەوە، کە زۆربەی هەرە زۆری كوردان بە هەمان ئومێدەوە لە هەنگاوەكانی سەربەخۆییی باشوور دەڕوانن، باوەڕیشیان وایە کە بە پێوەرە ئەكادیمیەكانەوە دەركەوتووە، (بەڵێ) بۆ ریفراندۆم كارتێكی زێڕینی كورد دەبێت و سەركەوتنەكەی چاوەڕوانكراوە، هیچ وڵاتێكیش ناتوانێت رێ لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بگرێت.

7ـی حوزەیرانی ئەمساڵ (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی حكوومی و حزبی و نوێنەری نەتەوەكانی باشووری كوردستان كۆبووەوە، بڕیار درا لە 25ـی ئەیلوولی ئەمساڵ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆییی باشووری كوردستان ئەنجام بدرێت، هەر لەم چوارچێوەیەشدا چەند شاندێکی باڵای ریفراندۆم سەردانی چەندین وڵاتی ئەورووپایان كردووە و پەیامی ریفراندۆمی باشووریان پێ گەیاندوون.

یەكەمین كۆماری كوردی لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە شاری مەهاباد لە 22ـی كانوونی دووەمی ساڵی 1946 دامەزرا، تا ئێستایش هەموو كوردانی جیهان شانازی بەم كۆمارەوە دەكەن، كە تەمەنێكی كورتیشی هەبووە، هەر بۆیەشە (محەممەد ئەكبەر كانوونیان) کە دانیشتووی شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی كوردستانە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئومێدێكی پتەومان بە ریفراندۆمی باشوور هەیە، كە بۆ سەربەخۆییی كوردستان بریارە لە 25ـی ئەیلوول ئەنجام بدرێت، چونكە گەلی كورد هەلێكی زێڕینی بۆ رەخساوە و لە كیسی نادات" ناوبراو پێی وایە، کە زۆرینەی هەرە زۆری كوردان بە هەمان هەوای كۆماری كوردستان لە هەنگاوەكانی سەربەخۆییی باشوور دەڕوانن و دەشڵێت: "سەربەخۆییی باشوور بە مڵك و دەستكەوتی هەموو نەتەوەی كورد لە قەڵەمی دەدەن."

جەختیشی كردەوە: "ئامادەین تا دوادڵۆپی خوێن بەرگری لەو دەوڵەتە كوردییە بكەین، كە بڕیارە لە باشوور رابگەیەندرێت."

گەلی كوردستان سەد ساڵە چەندین تاوانی جۆراوجۆری لە لایەن ئەو دەوڵەتانەی كە بە سەریاندا دابەش كراوە بەرانبەری کراوە، (ئەسڵان سەعید) خەڵکی شاری ئامەدی باكووری كوردستانە و، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە ئێستادا درفەتێكی زێڕین لە باشوور درووست بووە تا بە سەربەخۆیی بگەن و، لەو هەموو جەور و ستەمەی لێیان کراوە رزگاریان بێت"، ناوبراو رایشی وایە کە ریفراندۆمەكەی 25ـی ئەیلوول سەركەوتنێكی زۆر بە دەست دێنێت، "بە پێوەرە ئەكادیمیەكانیشەوە دەركەوتووە (بەڵێ) بۆ ریفراندۆم، كارتێكی زێڕینی كورد دەبێت و سەركەوتنەكەی چاوەروان كراوە".
(سەعید) ئاماژەیشی دا، کە كوردانی باكوور بە ئاواتەوە چاوەڕوانی 25ـی ئەیلوولن، ئامادەشن بە خوێن بەرگری لە دەستكەوتی ریفراندۆم بكەن.

بە هۆی زۆری رووداوەکانەوە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم گۆڕانكارییەكی گەورەی جیۆگرافی و سەربازیدایە، (ئالان هاشم) چالاكوانی مەدەنی لە شارۆچکەی كۆبانێی رۆژئاوای كوردستان، پێیوایە، باشترین كاتە بۆ ئەوەی گەلی كورد لە هەرچوار پارچە زیاتر لە دەستكەوتە نەتەوەییەكانی نزیك ببێتەوە. گوتیشی: "چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەیەكی كورتدا دەوڵەتێكی نوێ بچێتە سەر نەخشەی جیهان، كە ئەویش (دەوڵەتی كوردستان)ـە".

كوردانی جیهان بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەکەن، (ئالان) هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە باشوور ماڵێكی گەورە بووە بۆ هەموو كوردانی جیهان و بە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان لە باشوور، زیاتر دەبێتە پاڵپشتی پارچەکانی تر. جەختیشی كردەوە کە هیچ وڵاتێك ناتوانێت رێ لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بگرێت.

(عەلی قاسم) مامۆستای زانكۆ لە شاری هەولێری باشووری كوردستانیش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "گەلی كورد بە بێ ویستی خۆی بەسەر وڵاتاندا دابەش كرا، كاتێك دەوڵەتی عێراقی دامەزرێندراو باشووری كوردستانیان پێوە لكاند، پرس بە دانیشتوانی باشووری كوردستان نەكرا، بەڵام ئێستا مافی خۆمانە لە 25ـی ئەیلوول بە (بەڵێ) دەنگ بە ریفراندۆم بدەین و ئیدی نەجاتمان بێت لەو عێراقەی كە ئەزموونێكی 100 ساڵی تاڵمان لەگەڵی هەیە."

ئەو مامۆستایەی زانكۆ جەختیشی كردەوە: "ریفراندۆم هەنگاوی پێش كۆتاییە و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، هەنگاوی كۆتاییە"، بۆچوونیشی وایە زۆرینەی وڵاتان بەرژەوەندییەكانیان وا دەخوازێت، كە پشتگیری لە ریفراندۆم و هەرێمی كوردستان و دامەزراندنی دەەوڵەتی كوردستان لە باشوور بکەن.

سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار