سێ ئافرەتی دیکەی کوردانی ئێزدی رزگار کران

دهۆک-KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی رفێنراوانی کوردانی ئێزدی لە پارێزگای دهۆک دەڵێت، بەرەبەیانی ئەمرۆ ٢٨-٨-٢٠١٧، بە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان و نووسینگەکەیان، توانیانە ٣ کەسی دیکەی کوردی ئێزدی لە دەستی داعش رزگار بکەن.
(حوسێن قائیدی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، سێ کەسی دیکە لە دەستی داعش رزگار کران کە یەکێک ناوی (ئـ) خەڵکی گوندی کۆچۆ و تەمەن ٤٠ ساڵە، ئافرەتێکی دیکەی خەڵکی گوندی کۆچۆ بە ناوی(م)ـی تەمەن ١٩ ساڵ و، کچێکی دیکەی بە ناوی(ئــ) کە خەلکی گوندی گرعزێر بوو و تەمەنی ١٤ ساڵ بوو و هەموویان لە شاری تلەعفەر رزگار کران.
بەرپرسی نووسینگەی رفێنراوانی کوردانی ئێزدی هەروەها گوتی، هەموو ئەوانەی ئازاد دەکرێن، رادەستی کەسوکاریان دەکەنەوە و کە لە کەمپەکانی پارێزگای دهۆک نیشتەجێن و، هەوڵەکانیشیان بۆ ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دیکە بەردەوامە.
ئاماژەیشی دا، تا ئێستا زیاتر لە ٣ هەزار کەس رزگار کراوان و ٣ هەزاری دیکەش ماون و هەوڵ و پلان بەردەوامن بۆ رزگارکردنی کەسانی دیکە.
لە ٣ ئابی ٢٠١٤ داعش دەستی بەسەر شنگالدا گرت و بە هەزاران کەس دەستبەسەر کران و زیاتر لە هەزار کەسیش بوونە قوربانی.
کاروان باعەدری




