لە دھۆك ٤١ بنكەی دەنگدان بۆ ڕیفڕاندۆم ئامادە كراون
_-_Copy__2017_08_27_h14m28s29__HK.jpg)
دهۆك-KDP.info- لە پارێزگای دھۆك، ڕێژەیەكی بەرچاوی دەنگدەران سەردانی بنكەی خۆتۆماركردن دەكەن بۆ ڕیفڕاندۆم و، بەرپرسێكی ئۆفێسی دھۆكی كۆمسیۆنیش دەڵێت، بۆ ھاووڵاتیانی تاراوگەنشین ئامادەكاریی تەواو كراوە و دەتوانن بۆ ڕۆژی دەنگدان خۆیان تۆمار بكەن.
(ڕزگار ئورەماری)، بەرپرسی ئایتیی ئۆفێسی پارێزگای دھۆكی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی ھەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''لە سنووری پارێزگای دھۆك ٤١ بنكەی دەنگدان بۆ پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم كراونەتەوە و ڕۆژانە ژمارەیەكی زۆری ھاووڵاتیان بۆ پشتڕاستبوون لە ناوەكانیان سەردانی ئەو بنكانە دەكەن، ھەر ھاووڵاتییەكیش ناوی نەبێت، دەتوانرێ لە تۆماری دەنگدەراندا بۆی زیاد بكرێت، بەو مەرجەی ھەموو بەڵگەنامەیەكی یاسایی، وەك ڕەگەزنامە و فۆڕمی خۆراك و ناسنامەی ھەبێت، ھەروەھا ئەوانەیشی ھەڵەی ناویان ھەیە، بۆیان ڕاست دەكرێتەوە، جگە لەوەیش ژمارەیەكی زۆری ھاووڵاتیان داوای گواستنەوەی ناوی خۆیان دەكەن، بۆ بنكەی نیزیك لە شوێنی نیشتەجێبوونیان.''
(ئورەماری) ئاماژە بۆ ئەوەیش كرد: ''ئەو ھاووڵاتیانەی ھەرێمی كوردستان كە لە دەرەوەن، وێبسایتی تایبەت بۆیان كراوەتەوە و دەتوانن خۆیان تۆمار بكەن و ئەوانەیشی دەگەڕێنەوە ھەرێمی كوردستان، لێرە ناویان تۆمار دەكرێت.''
قائید میرۆ




