٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێرێكی سیاسی: بە ھۆی پەكەكەوە ٦٠٠ گوندی دھۆك ئاوەدان نەكراونەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

دهۆك-KDP.info-  چاودێرێكی سیاسی باوەڕی وایە، پەكەكە بووەتە ھەڕەشەیەكی گەورە لەسەر ھەرێمی كوردستان و ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، تەنیا لە سنووری پارێزگای دھۆك نزیكەی ٦٠٠ گوندی ھەرێم بە ھۆی مەترسییەكانی پەكەكەوە ئاوەدان نەكراونەتەوە.

(ئیقبال عومەر)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ھەبوونی چەكدارانی پەكەكە بووەتە مەترسی بۆ سەر ئەو دەڤەرانەی خەڵكی سڤیلیان تێدایە، بە تایبەت لە سنووری پارێزگای دھۆك، چونكە لە دھۆك ٧٠%ـی خاكی پارێزگاكە بە ھۆی پەكەكەوە مەترسییان لەسەرە و، تەنیا سەنتەری شار و چارۆچكەكان نەبێت، پەكەكە ٦٠٠ گوندی ھەرێمی كوردستانی داگیر كردووە و بنكە و بارەگای خۆی تێدا داناون، تەنیا لە شارۆچكەی ئامێدی ٢٨٠ گوند  لەبەر مەترسییەكانی پەكەكە ھێشتا ئاوەدان نەكراونەتەوە، بەرھەمی ئەو گوندانە تەنیا سوودی بۆ پەكەكە ھەیە و خەڵكی گوندەكان لێی بێبەش بوونە، ئەوە جگە لە رفاندنی سەدان منداڵ و ھەرزەكاری ھەرێمی كوردستان لەلایەن چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە".
پەیوەست بە شنگال و رۆڵی پەكەكە لەو سنوورەدا، ئەو چاودێرە دەڵێ، "پەكەكە لە شنگال كارەساتی كوردانی ئێزدی بە دەرفەت زانیوە تا كچ و كوڕانی ئێزدی بڕفێنن و دواتر بە گوێرەی سیاسەت و ئایدۆلۆژیای خۆیان پەروەردەیان بكەن، بەشێك لەو رفێندراوانە پەكەكە لە ناوچەكانی نێروە و رێكان سەربازگەی بۆ كردوونەتەوە و مەشق و راھێنانیان پێ دەكرێت، دانوستانەكانی پەكەكە لەگەڵ ئێران و (مالیكی) و رژێمی (ئەسەد) لە ئاستێكی باڵادا بەڕێوە دەچن و ھەموویشی دژی ھەرێمی كوردستانە، ھەتا رەوشی ھەرێمی كوردستانی پێ ئاڵۆز بكرێت".
(عومەر) جەخت دەکاتەوە کە، "ھەبوونی پەكەكە بۆ دژایەتیكردنی كورد و كوردستانە و بۆ بەرژەوەندیی میللەتی خۆیان نییە، بە ئاشكرا پەكەكە دژایەتیی دەوڵەتی كوردستان دەكات، لە ناوچەكانی نێروە و رێكانی سەر بە ناحیەی شیلادزێ، چەندین ھاووڵاتیی سڤیل بە دەستی پەكەكە كوژراون، زوڵم و ستەمێكی زۆر لە خەڵكی دەكەن و تەنانەت رێگە بە ھیچ كەسێك نادرێت سەردانی گوندەكانیان بكەن، رۆژانەیش چەكدارەكانیان خۆیان لەنێو گوندەكان حەشار دەدەن لە ترسی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا".

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار