٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قایمقامی چۆمان: تۆمەتبارانی رووداوه‌کەی دوێنێی گونده‌ژۆر خۆیان راده‌ستی یاسا كردووه‌

سەرچاوە: KDP.info

 

چۆمان-KDP.info-  قایمقامی شارۆچكه‌ی چۆمان ده‌ڵێ، به‌ هۆی ڕووداوه‌كه‌ی دوێنێی گونده‌ژۆره‌وه‌ كه‌ دوو ھاووڵاتی سنووره‌كه‌ تێیدا كوژران، تۆمەتبارەکان خۆیان رادەست کردووە و دۆخەکەش ئارام بووه‌تەوە.

ئێوارەی دوێنێ هەینی، لەسەر بڕینی دار، دەمەقاڵێ لەنێوان چوار برای خەڵکی گونده‌ژۆری باڵەکایەتی و ژمارەیەک پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دروست بوو، پاشان ته‌قه‌ كه‌وته‌ نێوانیانه‌وه‌، بەهۆیەوە دوو له‌ براكان گیانیان لە دەست دا و دووانی دیكه‌ش بریندار بوون.

لەمبارەیەوە قایمقامیەتی چۆمان لە راگەیاندراوێکدا ده‌ڵێ، ''رۆژی ھەینی لە گوندی گوندەژۆری سەر بە شارەدێی حاجی ئۆمەران، ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران ھێرشیان کردە سەر چوار برای ئەو گوندە و دووانیان گیانیان لە دەست دا و دووی تریشیان بریندار کرد.''

لە راگەیندراوەکەدا ھاتووە، لە ئەنجامی دەستدرێژیکردنە سەر باخچەی ئەو ھاووڵاتیانە و بڕینی دار لەلایەن ھێزی ئۆپۆزیسیۆنی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، بەھۆی ناڕازیبوونی ئەو چوار برایە و دروستبوونی ناکۆکی، ڕووبەڕووی پەلاماردانی ئەو چەکدارانە دەبنەوە، ھەریەک لە فەرمان (ئەسکەندەر) و( لوقمان ئەسکەندەر) گیانیان لە دەست دا، ھەریەک لە(بەختیار ئەسکەندەر) و (مستەفا ئەسکەندەر) بریندار بوون.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، كه‌ دوای ڕووداوەکە لیژنەی تەناھیی شارۆکەی چۆمان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کرد، بڕیاری دا لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان کاردانەوەی یاسایی بەرامبەر تۆمەتباران بکرێ کە تۆمەتباران دوای خۆڕادەستکرنیان بەھێزە تەناھییەکان، ئێستا لەژێر چاودێریی دادگەکانی  حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندان.''

قایمقامی قەشارۆچكه‌یزای چۆمان (ئەحمەد قادر)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، ''دوو تۆمەتبار خۆیان رادەستی ھێزە ئەمنییەکان کردووە و، ئێستا لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەوان دەستی پێکردووە و یاسا رێکارەکان دەگرێتە بەر؛ دۆخەکەش ئارام بووه‌تەوە، له‌ ئێستایشدا لەمە زیاتر نامانەوێت ڕوونکردنەوەی زیاتر بدەین.''

هه‌ر دوێنێ هه‌ینی، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا لەبارەی رووداوەکەی باڵەکایەتی، داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و خەڵکی باڵەکایەتی كرد.

لە راگەیێدراوەکەی سکرتاریەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا هاتووه‌: "ئێمە هێشتا لە وردەکاریی ئەو رووداوە ناخۆشە و نەخوازراوە ئاگادار نین، بەڵام  داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و خەڵکی خۆشەویستی گوندەژوور و چۆمان و هەموو گوندەکان دەکەین، کە هەموو هەوڵی خۆیان بۆ هێورکردنەوەی ئەو گرژییە و هێنانەوەی فەزای دۆستایەتی و برایەتی بۆ نێوانمان تێبکۆشن، با یاسا و حکوومەتی هەرێم لەنێوانماندا حەکەم بن و ئەو گرژییە نەخوازراوە چارەسەر بکەن، بۆئەوەی نەیارانی کورد و هەرێمی کوردستانیش نەتوانن ئاژاوە بگێڕن و کەڵکی خراپی لێوەرگرن".


بڵند ئیبراھیم  

هەواڵی پەیوەندیدار