٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پیلانێكی داعش دژی پێشمەرگە پووچەڵ كرایەوە.. 20 تیرۆریست كوژران

سەرچاوە: KDP.info

 

تەلەعفەر-KDP.info-  فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە میحوەری تەلەعفەر ڕایدەگەیێنێت، درەنگانی شەوی رابردوو 20 تیرۆریستی داعش ویستیان لە سەنگەرەكانی ھێزی پێشمەرگەوە دەرباز بن و بەرەو سووریا رابكەن، بەڵام فڕۆكە جەنگییەكانی ھاوپەیمانان بە ھاوكاریی ھێزی پێشمەرگە بۆردوومانیان كردن و بەو ھۆیەوە ھەموویان كوژران.

(سەمەردار زێباری) فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری تەلەعفەر، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند،، "دوای دەستپێكردنی پرۆسەی رزگاركردنی تەلەعفەر، بەردەوام تیرۆریستانی داعش رادەكەن و دەیانەوێت خۆیان رزگار بكەن و بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵبێن، شەوی رابردوویش 20 تیرۆریستی داعش لە سنووری عەیازییەوە ویستوویانە بێن بۆ سنووری ھێزی پێشمەرگە و لە ساترەكان خۆیان دەرباز بكەن و ھێرشی سەر ھێزی پێشمەرگە بكەن، بەڵام فڕۆكە جەنگییەكانی ھاوپەیمانان بە پشتبەستن بە زانیاریی ھێزی پێشمەرگە، ئەو تیرۆریستانەیان بۆردوومان كردن و سەرجەمیان كوژران".
(زێباری) گوتیشی، داعش ورەیان ڕووخاوە و دەزانن كۆتاییان ھاتووە، بۆیە بەردەوام ڕادەكەن.
رۆژی یەكشەممەی رابرد، پرۆسەی رزگاركردنی تەلەعفەر دەستی پێ كرد و بەپێی گوتەی فەرماندەكانی ئۆپەراسیۆنی تەلەعفەر، لە كۆی 28گەڕەك، 16ـیان كۆنتڕۆڵ كراون.

بڵند ئیبراھیم 
 

هەواڵی پەیوەندیدار