پێشمەرگە لە سنووری داقووق گورزێکی دیکەی لە داعش وەشاند
_-_Copy__2017_08_25_h11m19s5__HK.jpg)
داقووق-KDP.info- هیزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری داقووق هێرشێکی دیکەی داعشیان تێکشکاند و بەگوێرەی لێدوانی فەرماندەیەکی پێشمەرگە، گورزێکی گەورەیان لە داعش وەشاندووە.
جیهان بە سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە دڵخۆشە، بە بەردەوامی پیرۆزبایی سەرکردەکانی جیهان بەبۆنەی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان بەسەر تیرۆریستانی داعشدا دەگاتە هەرێمی کوردستان. وەزیری بەرگری ئەمەریکا کە لەو رۆژانە لە هەرێمی کوردستان بوو، پیرۆزبایی گەرمی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد کە هەرێم بە تەواوەتی توانیی بەسەر داعش سەرکەوێ.
جیهان سەرکەوتنی پێشمەرگە بە هی خۆی دەزانێ، چونکە وەک وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانێتیی دژی داعش دەڵێن، پێشمەرگە سەقامگیری بۆ جیهان گەڕاندەوە.
لە ئێستادا دەنگی گوللەی داعش بە کەمی لە بەرەکانی جەنگەوە دەبیسترێ، لە هەرشوێنێکیش داعش جوڵەی هەبێ پێشمەرگە بە وردی چاودێری کردووە.
درەنگایی شەوی رابردوو دەنگی گوللە لە سنووری داقووق بیسترا، داقووق کە ٤٠ کیلۆمەتر لە کەرکووکەوە دوورە و دەکەوێتە سەرڕێگای بەغداوە، هێزی پێشمەرگە ناوچەکە دەپارێزێ، بۆیە بەگوێرەی زانیاری فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە ناوچەکەدا دەنگی گوللەکان وەڵامی پێشمەرگە بوو بۆ هێرشێکی داعش و توانیان لێیان بێنە دەست و گورزی گەورەیان لێ بوەشێنن.
عەقید (ئاسۆ چەمچەماڵی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان پتر زانیاری دا، " درەنگای شەو جارێکی دیکە داعش هێرشیان بۆ هێناین، هێرشەکە لە چەند قۆڵێکەوە بوو، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە وردی چاودێری دەکردن و لێیان هاتینە دەنگ و داعش گورزێکی گەورەمان لێ وەشاندن.
(چەمچەماڵی) دەڵێ، ئەگەرچی ئامارێکی تەوامان بەردەست نییە پێوەست بە زیانی تیرۆریستان، بەڵام دەزانین کە ژمارەیەکی زۆریان لێ کوژراون و ئێستایش دۆخی ناوچەکە ئارامە.
هێزی پێشمەرگەی کوردستان تا ئێستا توانیویەتی ٣٠ هەزار کیلۆمەتر، خاکی کوردستان لە دەستی داعش رزگار بکات و، هەروەها زیاتر لە ١٥ هەزار داعشیش لەسەردەستی پێشمەرگەدا تێداچوونە.
بڵند ئیبراھیم




