وەزیرى خوێندنى باڵا: دەبێ هەر زانکۆیەک بودجەیەکى خەمڵاندن بۆ ساڵى ٢٠١٨ دیارى بکات
هەولێر-KDP.info- وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند، لە دیوانى وەزارەت هەنگاوەکانى بەئەلیکترۆنیکردنى کاروبارەکانى وەزارەتەکەیان دەستپێکردووە، یەکەم هەنگاویش بەئەلیکترۆنیکردنى کاروبارى داراییە، دەشڵێ، سەرجەم پڕۆسەکانى داهات بەئەلکترۆنى دەکرێت و زانکۆکانیش بە سیستمى ئەلکیترۆنى داهاتەکانیان ڕەوانەى وەزارەت دەکەن.
ئەو ڕاگەیاندنەى (د.یووسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەیەکیدا بوو لەگەڵ سەرۆکى زانکۆکان کە ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٣/٨/٢٠١٧) ساز درا.
لە سەرەتاى کۆبونەوەکەدا، د.یوسف گۆران لە وتەیەکیدا مەبەستى کۆبونەوەکەى ئاشکرا کرد و گوتى: "پار، کە پڕۆژەى خۆبەڕێوەبردنى زانکۆکانمان دەستى پێکرد یەکەم وەزارت بووین لە حکوومەتى هەرێم بە پڕۆژە دەستمان بەو کارە کرد، بۆیە لە ئێستادا ئەنجامەکانى ئەم پڕۆژەیە بۆ ئێمە دڵخۆشکەرە، چونکە زانکۆکان داهاتى زۆریان بۆ هاتووە و توانیویانە کاروبارەکارەکانیان بەڕێوە ببەن، بەوەش توانیمان خەونێکى لەمێژینەى زانکۆکان بەدەست بێنین، کە ئەوەش خەونى سەربەخۆىیی دارایى زانکۆکان بوو"، گوتیشی: "پڕۆژەى سەربەخۆی هەنگاونان بەرەو سەربەخۆییى دارایىی زانکۆکان، دواى ئەوەى ئەنجوومەنى وەزارەت بڕیارى لەسەر دا، خۆشبەختانە سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیران پڕۆژەبڕیارەکەى پەسند کرد."
(د.یووسف گۆران) ئاماژەى بە چەند کێشەیەک کرد و لەوبارەیەوە گوتى: "یەکێک لە کێشەکانى زانکۆکان و تەنانەت خودى وەزارەتیش ئەوەیە، تا ئێستا نەمانتوانیوە خۆمان بە باشى و بە تەواوەتى لەگەڵ ئەو سیستمە تازەیە بگونجێنین، چونکە داهاتێکى زۆر هاتووەتە زانکۆکان، بەڵام شێوازى بەڕێوەبردنى کاروبارى دارایى لە دیوانى وەزارەت و زانکۆکان هەر ئەو پەیکەرە کارگێڕییە کە پێشتر هەبووە، ئەو پەیکەرەش لەگەڵ ئەو داهاتە زۆرەى زانکۆکان ناگونجێ و، بەڕێوەبەرەکان کەمتر دەتوانن بپرژێنە سەر کارەکانی ئەو داهاتە و چۆنیەتیی خەرجەکردنیان"، گوتیشى "ئەوە کێشەى بۆ ئێمە دروست کردووە، چونکە مانگانە لەسەر ئاستى باڵاى حکوومەتى هەرێمى کوردستان داواى خەرجى و داهاتمان لێ دەکەن تا هەڵسەنگاندن بۆ ئاستى لایەنە باش و خراپەکانى ئەو پڕۆژەیە بکەن، کە پەسندیان کردووە، بەڵام نەیانتوانیوە"، بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرۆکى زانکۆکان و بەڕێوەبەرى داراییى سەرجەم زانکۆکانى ڕاسپارد مانگانە لە کاتى خۆیدا تەرازووى پێداچوونەوە (میزانیة مراجعة) بۆ وەزارەت ڕەوانە بکەن بۆ ئەوەى ڕەوانەى لایەنە پەیوەندارەکان لە سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیران و وەزارەتى کاروبارى دارایى و ئابوورى بکەن.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: "دەبێ میکانزمێک بدۆزینەوە بۆ ئەوەى لەو داهاتەى دێتە زانکۆکان، هاوکاریێکى مانگانەى مامۆستایانیش بکەین"، ئەوەشى ڕاگەیاند، کە چەند جارێک سەرۆکایەتیى حکوومەتى هەرێمى کوردستان پاڵپشتیى خۆیان بۆ وەزارەت دووپات کردووەتەوە کە هەماهەنگى داهاتى زانکۆکان بکەن بۆ ئەوەى هاوکاریى مامۆستایان بکەن.
لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، سەرۆکى زانکۆکان چەندین پێشنیاز و بۆچوونیان خستەڕوو سەبارەت بە چارەسەرکردنى کێشەکان و باشتر ڕاییکردنى کاروبارەکان، لە کۆتاییشدا، کۆبوونەوەکە گەیشتە ئەم بڕیارانە:
1. دانانى وادەیەک بۆ ڕەوانەکردنى تەرازوى پێداچوونەوە (میزانیة مراجعة) بۆ وەزارەت لە کاتى خۆیدا، بەشێوەیەک لە (١٠)ى هیچ مانگێک تێپەڕ نەبێ.
2. دروستکردنى کۆمیتەیەکى داهات لە دیوانى وەزارەت بۆ هەڵسەنگاندنى شێوازى خەرجکردنى داهاتەکان.
3. کۆکردنەوە و یەکخستنى یەکەکانى ژمێریاریى هەر زانکۆیەک لە یەک یەکەى ژمێریاریدا.
4. پێویستە هەر زانکۆیەک بودجەى خەمڵاندنى ساڵى (٢٠١٨) تا ڕێکەوتى (١٥/١٠) دیارى بکات.




