٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تورکومانەکانی کەرکووک دەنگ بۆ سەربەخۆییی کوردستان کۆ دەکەنەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  ماوەی چەند رۆژێکە بەشێکی زۆری تورکومانەکانی کەرکووک ھەڵمەتێکیان بۆ سەرخستنی ریفڕاندۆم دەستپێکردووە و، سەرکردەیەکی تورکومانیش دەڵێ، ھەموو ھەوڵێکیان بۆ ئەوەیە زۆرترین دەنگی بەڵێ بۆ ریفڕاندۆم بە دەست بێنن.

ئاماژە بەوەی کە پارتی گەلی تورکومان باوەڕی بە پێکەوەژیان و ئاشتی و دیموکراتی ھەیە لە کوردستان بە گشتی و کەرکووک بەتایبەت، (عیرفان کەرکووکی) سکرتێری پارتی گەلی تورکومان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "ئێمە وەک گەلی تورکومان ھەمیشە لە سەنگەری کوردستاندا بووینە بۆ پێکەوەژیان، بەھۆی ئەوەی ریفڕاندۆم پاشەڕۆژێکی گەشتر بۆ گەلی تورکومان دەستەبەر دەکات و زیاتر بە مافەکانیان دەگەیەنێ"، گوتیشی "چەند رۆژێکە دەستمان بە ھەڵمەتی پشتگیریکردن بۆ پڕۆسەی ریفڕاندۆم کردووە و ئۆرگانەکانمان لە ھەرێمی کوردستان و کەرکووک و دەوروبەری، کار بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە دەکەن و دەنگی زۆرینەی تورکومانەکان بۆ ریفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستانە."
لە چەند رۆژی رابردوودا زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی کریستیان سەردانی (سەرۆک بارزانی)ـیان کرد بۆ مەبەستی دانوستان لەبارەی ریفڕاندۆم و سەربەخۆییەوە، بەرەی تورکومانیش داوای دیداری (سەرۆک بارزانی) کردووە.

پێشتر (دکتۆر محەممەد خورشید) بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندبوو "زۆرینەی پێکھاتەکانی کەرکووک لە عەرەب و تورکومان و کاکەیی، پاڵپشتیی پڕۆسەی ریفڕاندۆم دەکەن و دەیانەوێ کەرکووک بگەڕێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان، بەڵام نایشارنەوە و داوای ئەوەش دەکەن مافەکانیان زامن بکرێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی داھاتووی کوردستان کە دروست بکرێت."

لەبارەی داواکاریی بەرەی تورکومانییەوە بۆ دیداری (سەرۆک بارزانی)، (عیرفان کەرکووکی) گوتی "ئێمە نازانین ئەو داوایەی بەرە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە، چونکە (سەرۆک بارزانی) ھەموو کاتێک بەرگریکارێکی سەرسەختی مافی پێکھاتەکان و گەلی تورکومانیش بووە، ھەتا لە کاتی نووسینەوەی دەستووری عێراقدا (سەرۆک بارزانی) کاتێک چاوی بە دیباجەی دەستوور کەوت، فەرمووی، پێویستە پرسی تورکومانەکان لە دەستووردا جێبەجێ بکرێت و تورکومان گەلێکن دەبێت جێگەیان دیار و مافیان پارێزراو بێت لە عێراقدا."


قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار