٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێرێکی سیاسی: پاکێجە شەش خاڵییەکەی پارتی ھەموو پرسەکانی لەیەک جیا کردووەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  مامۆستایەکی زانکۆ دەربارەی ئەو پاکێجە شەش خاڵییەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشکەشی بزووتنەوەی گۆڕانی کردووە، دەڵێت، ڕێککەوتنی پارتی و گۆڕان زۆر گرینگە و پارتی لەو پاکێجەی خۆیدا ھەموو پرسەکانی لە یەک جیا کردووەتەوە، هاوکات گەشبینیشە بە کۆبوونەوەی نێوان هەردوو لا، کە لە داهاتووشدا ئەنجام دەدرێن.

پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان دوێنێ لە سلێمانی سەبارەت بە چارەکردنی دۆخی کوردستان و پێوەندیی نێوانیان کۆ بوونەوە؛ پێوەست بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە (مەحموود محەمەد)، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ئەندامی شاندەکەیە، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاشکرای کرد کە پارتی پاکێجێکی شەش خاڵیی داوەتە گۆڕان و، چارەی سەرجەم کێشەکان لەخۆ دەگرێ کە ئەم خاڵانەن :

١-  ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان.
٢-  کاراکردنەوەی پەرلەمان.
٣- بەکارهێنانی تەواوی توانای ناوخۆیی و دەرەکی بۆ پشتیوانیکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی چاککردن و ڕێکخستنەوەی بواری ئابووری و باشترکردنی بژێوی ژیان و مووچەکانی هاونیشتیمانیان.
٤- بابەتی ڕیفراندۆم وەکو پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و تواناکانمان بخەینە گەڕ بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی.
٥- لەگەڵ تەواوی لایەنەکانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسیی کوردستاندا هەوڵ بدەین کەشوهەوایەکی سیاسیی کۆمەڵایەتی و ئیعلامیی گونجاو ئامادە بکەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا.
٦- پشتیوان و هاوکار بین لە بەرنامەی چاکسازیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، کە ئێستا لە لایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمەوە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکاندا بەڕێوە دەچێت.

سەبارەت بە ئەم پاکێجە شەش خاڵییەی پارتی،  (د.عەبدولحەکیم خەسرەو)، چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ دەڵێت: ''پارتی لەو پاکێجەدا کە پێشکەشی گۆڕانی کردووە ھەموو پرسەکانی لە یەک جیا کردووەتەوە.''

ئەو چاودێرە سیاسییە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی نموونە بە تەوافق لەسەر سیستمی حوکمڕانی و ڕیفراندۆم و ئابووری دەهێنێتەوە و دەڵێ: ''لەبەر ئەوەی پرسی ئابووری جیاوازە لە پرسەکانی دیکە و پەیوەندیی بە توانای حکوومەتەوە ھەیە، پارتی پێی وایە لایەنەکان لە نێو حکوومەتدا بە ھەماھەنگی ئەو پرسە چارەسەر دەکەن و بە پێی ئەو داھاتەی ھەیانە کاری لەسەر دەکەن.''

بە پێی پاکێجەکە ئەوەی پەیوەندیی بە سیستمی حوکمڕانییەوە ھەیە، پارتی بە پێویستی دەزانێت گشت لایەنەکان لەسەری ڕێک بکەون، (عەبدولحەمید) دەشڵێت: ''نەک تەنیا بۆ ئێستا، بەڵکو بۆ داھاتووش کە دەبینە دەوڵەت، پێویستمان بە ڕێککەوتنێک لەسەر ئەو بنەما شەش خاڵییەی پارتی هەیە، چونکە ئەوکات پێویستمان بە سیستمی حوکمڕانی دەبێت و، لە کاتی درووستبوونی دەڵەتی کودستانیشدا ئەو ڕێککەوتنە وا دەکات ھیچ بەربەستێک لەبەردەم ھەڵبژاردنی سیستمێکی سیاسیی گونجاو بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا نەبێت.''

لەمەڕ پرۆسە ڕیفراندۆمیشەوە ئەو چاودێرە سیاسییە گوتی: ''تا لایەنەکان زیاتر پشتگیریی ڕیفراندۆم بکەن، کاریگەریی زیاتر دەبێت و پشتگیری زیاتریشی بۆ پەیدا دەبێت، ئەوەش پرسێکی چارەنووسسازە، پێویستە ھەموان پێکەوە کاری بۆ بکەن، ھەر زیانێک بەر ڕیفراندۆم بکەوێت، زیانی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان هەیە.''

دکتۆر (عەبدولحەکیم خەسرەو) گەشبینە بە دەرەنجامی کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوو لایەن و دەشڵێت: ''"ئەوەی گرینگە کۆبوونەوەی ئەو دوو لایەنەیە، بە جیاواز لەوەی پێشتر لە ڕاگەیاندنەکانەوە وەڵامی یەکترییان دەدایەوە، کە ئەوەش جێی خۆشحاڵییە بۆ نەهێشتنی ناکۆکییەکان.''

شایانی باسە شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان کە دوێنێ سەردانی گۆڕانیان کرد بریتیی بوون لە: (فازڵ میرانی)، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی، بە  ئەندامێتیی هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی (ئازاد بەرواری، مەحمـوود محەممەد، جەعفەر ئیبراهیم، عێزەددین بەرواری و ڕێبوار یەڵدا)،  لەگەڵ (عومەری سەیدعەلی)، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان کۆ بوونەوە.

بڵند ئیبراھیم  

هەواڵی پەیوەندیدار